رووداو - تەندروستی
کلیڤلاندی پزیشکی دەریخستووە، چالاکیی جەستەیی و وەرزشکردن، جگە لە سوودەکانی بۆ دڵ و دەروون، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، بەتایبەتی لە خانمانی دوای وەستانی سووڕی مانگانە. هەروەها، وەرزشکردن چانسی چاکبوونەوە لە تووشبووانیشدا زیاد دەکات.
د. هالی مور، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە رایگەیاند، شیکاریی توێژینەوەکان دەریانخستووە چالاکیی جەستەیی مەترسیی شێرپەنجەی مەمک بە تێکڕا بە رێژەی 25% کەمدەکاتەوە.
د. هالی مور دەڵێت "چەوری زیادەی جەستە کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکان دروست دەکات و هەوکردنەکان زیاد دەکات، ئەمەش ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی خانە شێرپەنجەیییەکان دەڕەخسێنێت. بەرەنگاربوونەوەی کێشی زیادە لەڕێگەی وەرزشەوە یارمەتی رێکخستنەوەی ئەم ژینگە هۆرمۆنییە دەدات".
بەپێی کلیڤلاندی پزیشکیی، وەرزشکردن چۆن رێگری لە شێرپەنجە دەکات؟
کۆنتڕۆڵکردنی کێش: چەوری زیادە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کێشە هۆرمۆنییەکان، جوولەش رێگری لە کەڵەکەبوونی چەوری دەکات.
- کەمکردنەوەی هەوکردن و بەهێزکردنی بەرگری: وەرزشی بەردەوام ئاستی هەوکردن لە جەستەدا دادەبەزێنێت و کۆئەندامی بەرگری چالاک دەکاتەوە بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەیییەکان.
کاریگەری دوای تووشبوون: لەو کەسانەی تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون، وەرزشکردن یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی وەک ماندوێتی و خەمۆکی.



