رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی چارەسەرکاری سرووشتی لە بەریتانیا، رایدەگەیێنێت، سەرینی گونجاو بەندە بەو شێوازەی کە پێی دەخەویت.
د. کریس مککارسی چارەسەرکاری سرووشتی لە بەریتانیا دەڵێت زۆربەی خەڵک بە یەکێک لەم سێ شێوازە دەخەون: لەسەرلا، لەسەر پشت یان لەسەر سک.
د. مککارسی هۆشداری دەدات لە خەوتن لەسەر سک، چونکە مل بۆ ماوەیەکی درێژ بە یەک ئاراستەدا دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی کشانی ماسولکە و بەستەرەکان و دروستبوونی ئازار.
بۆ ئەوانەی لەسەر پشت دەخەون: پێویستە رەچاوی چەمانەوەی سرووشتیی بەشی سەرەوەی بڕبڕەی پشتیان بکەن، هەرچەندە چەمانەوەکە زیاتر بێت، پێویستیان بە سەرینێکی ئەستوورتر دەبێت.
بۆ ئەوانەی لەسەرلا دەخەون: پێوانەی سەرەکی بریتییە لە پانیی شانەکان بە گشتی، هەرچەندە شانەکانت پانتر بن، پێویستت بە سەرینێکی ئەستوورتر دەبێت.
نەرمیی دۆشەک کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەرزیی سەرین هەیە. مککارسی روونیدەکاتەوە، "ئەگەر شانەکانت پان بن و لەسەر دۆشەکێکی رەق بخەویت، پێویستت بە سەرینێکی ئەستوور دەبێت. بەڵام ئەگەر دۆشەکەکەت نەرمتر بێت، پێویستت بە سەرینێکی تەنکتر دەبێت، چونکە شانت زیاتر دەچێتە نێو دۆشەکەکەوە."
د. کریس مککارسی گوتی، هەڵبژاردنی سەرینێکی هەڵە دەکرێت ببێتە هۆی ئازاری مل، بۆیە گرنگە بزانیت چ جۆرە سەرینێک بۆ تۆ گونجاوە.



