رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی ترینیتی لە ئێرلەندا دەریخستووە "کاتژمێری قسەکردن" دەتوانێت تەمەنی راستەقینەی کەسێک بخەمڵێنێت و رەنگە دەروازەیەکیش بێت بۆ تێگەیشتن لە پیربوونی مێشک، پیربوونی بایۆلۆژی، تەندروستیی ژیری و لەبیرچوونەوە.
پرۆفیسۆر د. ئەگۆستین ئیبانیز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک لە زانکۆی ترینیتی و سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە رایگەیاند، "دەنگمان زانیاریی زۆر زیاتری لەبارەی پیربوونەوە تێدایە لەوەی پێشتر دەمانزانی، شێوازی قسەکردن و دەنگی مرۆڤ دەتوانێت ببێتە پێوەرێک بۆ خەمڵاندنی تەندروستیی مێشک و جەستە و چۆنیەتیی پیربوونیان''.
توێژینەوەکە شیکاری بۆ نزیکەی 3 هەزار بەشداربووی قسەکەری ئیسپانی لە ئەرجەنتین، چیلی، کۆڵۆمبیا، مەکسیک و پیرۆ کردووە. توێژەران فێربوونی ئامێریان بەکارهێناوە بۆ شیکردنەوەی سەدان تایبەتمەندیی دەنگ و زمان، وەک خێرایی قسەکردن و وەستان، ئاوازی دەنگ، ناوەڕۆکی سۆزداری و وشەسازی.
ئەو کەسانەی کە قسەکردنیان بە بەراورد بە تەمەنی راستەقینەیان پیرتر دەرکەوتووە، نیشانەکانی پیربوونی خێرایان لە چەندین سیستەمی بایۆلۆژی نیشان داوە. هەروەها، خێرابوونی زیاتری تەمەنی قسەکردن پەیوەست بووە بە خراپبوونی ژیریی گشتی و چەندین جۆری یادگە.



