رووداو - تەندروستی
سەرۆکی نەخۆشخانەی ڤێتێرنەریی تاران ئاماژە بە خەمڵاندنی ژمارەی ئاژەڵە ماڵییەکان لە پایتەختی وڵاتەکە کرد و دەڵێت "بەپێی شیکاریی ئابووری و لێکۆڵینەوە لە سەردانیکاران بۆ کلینیکەکان، رەنگە ژمارەی ئاژەڵە ماڵییەکان لە تاران نزیکەی 800 هەزار بۆ یەک ملیۆن ئاژەڵ بێت''.
دکتۆر پەیام موحیبی، سەرۆکی نەخۆشخانەی ڤێتێرنەریی تاران جەخت لە خۆپاراستن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو نەخۆشییانە دەکاتەوە کە لەنێوان ئاژەڵ و مرۆڤەوە دەگوازرێنەوە و دەڵێت: هەرچەندە ژمارەی ئاژەڵان و پەیوەندیی نێوانیان زیاتر بێت، ئەگەری دەرکەوتنی نەخۆشیی نوێ یان سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکان زیاتر دەبێت. نەخۆشیی FIP لە پشیلەکاندا یەکێکە لە نموونە دیارەکان کە لە رابردوودا لە تاران کەمتر دەبینرا، بەڵام بە زیادبوونی ژمارەی پشیلە ماڵییەکان، حاڵەتی زیاتری لێ دەبینرێت''.
نەخۆشیی FIP هەوکردنێکی تووندی ڤایرۆسییە کە وەکو کۆرۆنایە و پەتایەکی تووندە، دەشێت هەموو جەستەی پشیلە بگرێتەوە بەتایبەت سییەکانی.
پەیام موحیبی باسی نەخۆشییەکی دیکەی مشەخۆریش دەکات کە لەنێو ئاژەڵەکاندا زیاد بووە و دەشێت بگوازرێتەوە بۆ بەخێوکاری ئاژەڵەکانیش وەکو نەخۆشیی لیشمانیا کە لە سەگدا باوە.
لەکۆتاییدا ڤێتێرنەریی تاران رەخنە لە کەمی و نەبوونی زانیاری و هۆشیاریی ئاژەڵی لەبارەی شێوازی مامەڵەی هاووڵاتییان لەگەڵ ئاژەڵە شارنشینەکان، شێوازی خواردنپێدان، کۆکردنەوەی پیساییەکانیان و بابەتەکانی دیکەی پەیوەندیدار گرت.



