رووداو - تەندروستی
هۆشداریەک بۆ خاوەن فرۆشگەکان، خاوەنی مارکێت و دووکانەکان لە هەولێر ئاگاداربن، فرۆشتنی خواردنەوەی وزەبەخش بە منداڵانی خوار 18 ساڵ لەمەوبەدوا قەدەخەیە و ئەوەی خواردنەوەی وزەبەخش بە منداڵان بفرۆشێت رووبەڕووی لیپێچینەوە و سزای یاسای دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30-9-2026 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە منداڵان و گەنجان قەدەخەیە و هەر فرۆشگەیەک پابەند نەبێت، سزای تووندی دەدرێت.
قایمقامی هەولێر گوتی، "هەموو خۆراک و خواردنەوەیەک بە رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دێتە هەرێمی کوردستان، خواردنەوە وزەبەخشەکانیش لەنێو ئەو رێپێدراواندان، بەڵام پێویستە هاونیشتمانیان، بەتایبەتی منداڵان و گەنجان، لە زیانەکانیان ئاگاداربن، چونکە زۆرجار تێبینی کراوە کە بڕێکی زۆر لەلایەن ئەو توێژەوەوە بەکاردەهێنرێت''.
سەبارەت بە سزاکان، نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەدا، "نابێت خاوەن فرۆشگەکان بیانفرۆشن بە منداڵان و گەنجان و ئەوان بەرپرس دەبن لە هەر رووداوێک. سزاکان بریتین لە داخستنی فرۆشگە، پێبژاردن لە 1 ملیۆن دینارەوە تاوەکو 5 ملیۆن دینار، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی دادگە''.
نەبەز عەبدولحەمید ئەوەشی خستەڕوو کە نابێت بە هیچ جۆرێک خەڵات لەگەڵ خواردنەوە وزەبەخشەکاندا دابنرێت بۆ هاندانی کڕینیان.
لە کۆتاییدا، قایمقامی هەولێر داوای لە قایمقامەکانی شارەکانی دیکەی کوردستان کرد کە پێکەوە کاربکەن بۆ قەدەخەکردنی فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە منداڵان، ئەمەش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی هاونیشتمانیان.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
