رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، خواردنی رۆژانەی شاتوو گۆڕانکاریی ئەرێنی لە میکرۆبەکانی (وردە زیندەوەر) ریخۆڵەدا دروستدەکات و نیشانەکانی خەمۆکی لە بەساڵاچوواندا کەم دەکاتەوە.
توێژینەوەکە، لەلایەن زانایانی پەیمانگەی هیندا و ئارسەر مارکوس بۆ توێژینەوەی بەساڵاچوون لە بۆستن، ئەنجامدراوە و تیشکی خستووەتە سەر ئەو بەساڵاچووانەی کەم دەجووڵێن و خەمۆکییان هەیە.
بە گوێرەی توێژینەوەکە پەیوەندیی نێوان ریخۆڵە و مێشک، لەگەڵ چوونە تەمەنەوە، پێکهاتەی میکرۆبەکانی ریخۆڵە دەگۆڕێت، ئەمەش لە رێگەی پەیوەندیی نێوان ریخۆڵە و مێشکەوە دەبێت، کاریگەری لەسەر زیندەچالاکی و تەندروستیی دەمارەکان دەبێت.
شاتوو دەوڵەمەندە بە پۆلیفینۆڵ و ریشاڵی خۆراکی، کە لە ریخۆڵەدا لەلایەن بەکتریاوە دەگۆڕێن بۆ پێکهاتەی سوودبەخش و پشتگیری لە تەندروستیی جەستەدا دەکەن.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە خواردنی بەردەوامی شاتوو بووەتە هۆی زیادبوونی جۆری بەکتریا سوودبەخشەکان لە ریخۆڵەی بەشداربوواندا، ئەو بەساڵاچووانەی رۆژانە شاتوویان خواردووە، نیشانەکانی خەمۆکییان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

.png&w=3840&q=75)

