رووداو - تەندروستی
د. عەبدولڕەحمان عەزیز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار بە رووداوی راگەیاند: سەرئێشە بە گشتی ئەکرێت بە دوو جۆرەوە یەکەم جۆری سەرئێشەیە وەک نەخۆشی کە لاسەرئێشە و سەرئێشەی هێشوویی دوو نموونەی ئەم جۆرەن، ئەوەی دیکە سەرئێشەیە وەک نیشانەی نەخۆشیی دیکە وەکو هەوکردنی پەردەی مێشک و گرێ لە مێشک، هەوکردنی خوێنبەرەکانی سەر.
د. عەبدولڕەحمان عەزیز گوتی: جیاوازیی گرژەسەرئێشە و لاسەرئێشە ئەوەیە کە لاسەرئێشە سەرەتا ئاساییە، دوایی قورس دەبێت و هەندێکجار چاو لەگەڵی ناڕەحەت دەبێ و هەروەها کەسی تووشبوو بێزار دەبێت بە دەنگ و رووناکی، بەڵام گرژە سەرئێشە لە کۆتایی رۆژ زیاد دەکات هەروەها تووندییەکەی کەمترە بە بەراورد بە لاسەرئێشە.
هەردوو جۆری سەرئێشە بە سترێس، کەمخەوی، خۆراکی خێرا، زۆر خواردنەوەی قاوە و مادە وزەبەخشەکان زیاد دەکەن.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد: سەر ئێشەیەکی زۆر گران و سڕبوونی دەست و قاچ و تێکچوونی هاوسەنگی و رشانەوە بێ هێڵنج لەوانەیە هۆکاری لە پشت بێت و نیشانەی نەخۆشی دیکەبێت ئەم جۆرە سەرئێشەیە مەترسیدارە.
بۆ چارەسەری سەرئێشە د. عەبدولڕەحمان عەزیز ئاماژەی بەوەکرد، چارەسەری سەرئێشە ئەگەر بەهۆی خۆراک و خەوی ناتەندروست بوو بە گۆڕینی شێوازی ژیان بۆ تەندروست چارەسەر دەبێت، هەروەها بایەخ بەخواردنەوەی ئاوی پێویست بدرێت و بەکارهێنانی زۆری ئازارشکێن لەوانەیە ببێتە هۆی سەرئێشەی زیاتر.


