رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، بەهۆی شەپۆلەکانی گەرما و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، لەگەڵ ئەو گازانەی بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دەردەدرێن، ئەم ساڵ یەک لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان بەرکەوتەی ئاستێکی زۆر بەرزی پیسبوونی ئۆزۆن بوون.
لە شیکارییەکی نوێدا کە بۆ هەشت مانگی یەکەمی ساڵی 2026 کراوە، دەزگەی چاودێریکردنی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس (CAMS)ـی سەر بە یەکێتیی ئەورووپا، تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندیی نزیکی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی هەوا.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کاتێک گەرما و تیشکی خۆر کارلێک لەگەڵ ئەو دووکەڵ و گازانە دەکەن، کە لە ئاگرکەوتنەوەکان، ئۆتۆمبێل و کارگەکانەوە دەردەچن، جۆرێک لە پیسبوونی چینی ئۆزۆن لەسەر ئاستی زەوی دروست دەکەن. ئەم جۆرە پیسبوونە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە شانەی سییەکان، کێشەی هەناسەدان، تەنگەنەفەسی (رەبۆ) و چەندین گرفتی دیکەی تەندروستی.
گازی ئۆزۆن (O3) پێکهاتەیەکە لە سێ گەردیلەی ئۆکسجین پێکدێت و بەپێی شوێنی بوونی لە بەرگەهەوادا، کاریگەرییەکەی بەتەواوی پێچەوانە دەبێتەوە.
ئۆزۆنی باش (چینی ئۆزۆن): ئەمەیان لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا (ستراتۆسفێر) دروست دەبێت و بە دووری 10 بۆ 50 کیلۆمەتر لە رووی زەوییەوەیە. وەک قەڵخانێکی پارێزەر کاردەکات و زەوی لە تیشکە زیانبەخشەکانی سەرووی وەنەوشەیی (UV)ـی خۆر دەپارێزێت، کە بۆ بەردەوامیی ژیان لەسەر زەوی زۆر پێویستە.
ئۆزۆنی خراپ (ئۆزۆنی سەر رووی زەوی): ئەمەیان لە چینەکانی خوارەوەی بەرگەهەوا و راستەوخۆ لەسەر رووی زەوی دروست دەبێت و بە پیسکەری هەوا دادەنرێت. ئەم ئۆزۆنە لە سەرچاوەیەکەوە دەرناچێت، بەڵکو لە ئەنجامی کارلێکی کیمیایی نێوان تیشکی خۆر و ئەو گازە زیانبەخشانە دروست دەبێت، کە لە ئۆتۆمبێل، کارگەکان، ئاگرکەوتنەوەکانەوە دەردەچن.
سەرەڕای پێشکەوتنەکان لە کەمکردنەوەی پیسکەرە مەترسیدارەکانی دیکەی هەوا لە دەیەکانی رابردوودا، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی ئۆزۆن قورستر بووە، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا ئەو ژینگەیە دەڕەخسێنێت، کە گەشە بە دروستبوونی ئەم گازە دەدات.
ئاستی بەرزی پیسبوونی ئۆزۆن لەمساڵدا بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەپۆلە گەرمایە پێوانەییانە و ئاگرکەوتنەوە گەورانەی کە ئەورووپا و باکووری ئەمریکایان گرتەوە و دووکەڵەکەیان سنوورەکانی بڕی.
لۆرێنس روویڵ، بەڕێوەبەری دەزگەی کۆپەرنیکۆس لە راپۆرتەکەدا دەڵێ: "پیسبوونی هەوا لە سنوورەکاندا ناوەستێت. دەتوانێت هەزاران کیلۆمەتر ببڕێت و کیشوەر و زەریاکان تێپەڕێنێت، بەوەش کاریگەریی لەسەر کواڵیتیی هەوا دروست دەکات لە ناوچەیەک کە زۆر دوورە لە سەرچاوەکەیەوە."
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، دیاردەی گەرمبوونی کەشوهەوا ناسراو بە (ئێل نینۆ) کە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە، لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی ئاگرکەوتنەوەکان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
بە بەکارهێنانی داتای مانگە دەستکردەکان و مۆدێلە کۆمپیوتەرییەکان، راپۆرتەکە دەریخستووە، لەنێوان 1ـی کانوونی دووەم تاوەکو 15ـی ئەیلوول، 34٪ـی دانیشتووانی جیهان بەرکەوتەی هەوایەکی "لەڕادەبەدەر خراپ" بوون، واتە رێژەی ئۆزۆن زۆر بەرزتر بووە لەو ئاستەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دیاری کردووە (کە 100 مایکرۆگرامە بۆ هەر مەترێک سێجا وەکو تێکڕای ماوەی هەشت کاژێر). هەروەها 17٪ـی جیهان هەوایەکی "زۆر خراپ"ـیان هەڵمژیوە و تەنیا 5٪ بەرکەوتەی ئاستێکی "باش"ـی ئۆزۆن بوون.
کیشوەری ئاسیا بەرزترین رێژەی بەرکەوتەی بە پیسبوونی ئۆزۆن هەبووە، بە جۆرێک 53٪ـی دانیشتووانەکەی هەوایەکی "لەڕادەبەدەر خراپ"ـیان هەڵمژیوە و 22٪ بەرکەوتەی هەوای "زۆر خراپ" بوون.
هۆکارەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ پێشکەوتنی پیشەسازی، گەشەی ئابووری، هۆکارەکانی گواستنەوە، ئاگرکەوتنەوە و سووتاندنی پاشماوەی کشتوکاڵی. شارەکانی نیودەلھی، داکا، چۆنگچینگ لە چین و لاهووری پاکستان لە ریزی ئەو شارانەدان کە ئاستی ئۆزۆن تێیاندا لە دۆخێکی لەڕادەبەدەر خراپدایە.
لە لایەکی دیکەوە، دوو لەسەر سێی دانیشتووانی باکووری ئەمریکا و 45٪ـی ئەورووپا بەرکەوتەی هەوایەکی "خراپ" یان "زۆر خراپ" بوون. سەرەڕای هەبوونی سیاسەتی تووند بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان لە ئەمریکای باکوور، بەڵام ئاستی ئۆزۆن تا رادەیەک وەک خۆی ماوەتەوە.
یەکێتیی ئەورووپاش لە کەمکردنەوەی پیسکەرەکانی دیکە سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئۆزۆن بەدەرە لەوە؛ ئیان مارنان، بەرپرس لە ئاژانسی ژینگەی ئەورووپا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ساڵانە پیسبوونی ئۆزۆن دەبێتە هۆی مردنی پێشوەختەی 60 هەزار کەس لە ئەورووپا.
سەبارەت بە کیشوەری ئەفریقاش، 8٪ـی دانیشتووانەکەی هەوایەکی "لەڕادەبەدەر خراپ"ـیان هەبووە کە زۆربەی بەهۆی دووکەڵی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، سووتاندنی بەروبوومەکان، چێشتلێنان و خۆڵبارینی بیابان بووە. بەپێی راپۆرتەکە 19٪ـی کیشوەرەکەش لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوون.
لە ئەمریکای باشووریش، ئاستی ئۆزۆن لە شاری ساوپاولۆ لە بەرازیل بەرز بووە و لە ریۆ دێ ژانێرۆش زۆر بەرز بووە، بەڵام بەگشتی کواڵیتیی هەوا بۆ 81٪ـی دانیشتووانی ئەو کیشوەرە "باش" یان "مامناوەند" بووە.
تەنیا خاڵی گەش لە راپۆرتەکەدا ناوچەی ئۆقیانووسیا بوو، لەنێویاندا ئوسترالیا و نیوزیلاند، کە تێیدا 66٪ـی دانیشتووانەکەیان چێژیان لە ئاستێکی "باش"ـی ئۆزۆن بینیوە و 34٪ـیشیان لە رەوشێکی "مامناوەند"ـدا ژیاون.



