رووداو - تەندروستی
دوو پسپۆڕی سەنتەرەکانی دڵ لە هەولێر و سلێمانی ئاشکرای دەکەن، ئێستا گەنجان بەدەست گیرانی لوولەکانی خوێنەوە دەناڵێنن و بەشێکیشیان جەڵتەی تووند لێیان دەدات کە لە سەنتەرەکان تۆمار دەکرێن؛ مەبەست لە گەنج ئەوانەن کە خوار تەمەنی 55 ساڵن و جەڵتە لێیان دەدات.
د. هیوا محەممەد، راوێژکاری نەشتەرگەرییەکانی دڵ و سنگ لە سەنتەری دڵ لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئێستا گەنجان زیاتر دووچاری گیرانی بۆڕییەکانی خوێن دەبنەوە ئەوەش بەهۆی ناڕێکیی شێوازی ژیانی ئێستایە و گوێپێنەدانیانە بۆ ئەو خووە ناتەندروستانەی کە هەیانە.
د. هیوا محەممەد دەڵێت: لە سەنتەری دڵ لە هەولێر زۆرترین ئەوانەی دەیانبینین، گەنجانن کە بەهۆکاری (قەڵەوی، جگەرەکێشان، شەکرە و پشتگوێخستنی نیشانەکان) بۆڕییەکانی خوێنیان گیراوە و جەڵتە لێیانی داوە.
بەگوتەی د. هیوا، باشترە هەر کەسێک لە گرووپە مەترسیدارەکە بوو بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، جگە لە پشکنینی چەورییەکان و پشکنینە تایبەتییەکانی دڵ، پشکنینی CT-Angiographyـش بکات کە تایبەتە بە دەرخستنی تەندروستیی لوولەکانی خوێن.
گیرانی لوولەکانی خوێن زۆرترین قوربانییانی کێشەکانی دڵن
د. کاوە وسوو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە سەنتەری دڵ لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، زۆرترین ئەوانەی تۆمار دەکرێن تووشبووی گیرانی لوولەکانی دڵن دواتر سستبوونی دڵ و پاشانیش تێکچوونی کارەبایی دڵ.
د. کاوە وسوو دەڵێت: ئێستا تووشبووانی کێشەکانی دڵ لەنێو گەنجاندا زیاد بووە، گەنجیش واتە ئەوانەی تەمەنیان لە 55 ساڵ بەرەو خوارەوەن و هۆکارەکەش (گوشاری دەروونی، خواردنی خۆراکی ناتەندروست و کەمجووڵەیی) باوترینیانن.
ئەو پسپۆڕەی سەنتەری دڵ لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، ئەو کەسانەی لە ماڵباتەکانیان نەخۆشی دڵ و بەرزەپەستانی خوێن هەیە، پێویستە زوو زوو پشکنینی پێشوەختەی دڵیان بکەن، چونکە دەکرێت نەخۆشیی دڵیان هەبێت و لەناکاو جەڵتە لێیان بدات.
هەروەها لەبارەی نیشانەکانیشەوە گوتی، پشتگوێخستنی نیشانەکان واتە قورسبوون و مەترسیداربوونی لێکەوتەکانی جەڵتەی دڵ.
بۆچی گەنجان تووشی جەڵتەی دڵ دەبن؟
* کێشانی جگەرە و نێرگەلە
* گوشاری دەروونی
* ناڕێکیی خەو
* خۆراکی ناتەندروست
* نەخۆشییە درێژخایێنەکان
* قەڵەوی
* بۆماوە
نیشانە باوەکانی جەڵتەی دڵ چین؟
- سینگئێشە
- هەناسەتەنگی
- دڵەکوتێ
- ئارەقکردنەوە لەگەڵ هەناسەتەنگی
لێکەوتەکانی جەڵتەی دڵ ئەمانە؛
* ناڕێکیی لێدانەکانی دڵ
* تەقینی دیواری دڵ
* مەیینی خوێن
* شۆکبوونی دڵ
* سستبوونی دڵ
* هەوکردنی پەردەی دڵ
* مردن



