رووداو - تەندروستی
لە کۆنگرەی پزیشکانی فریاکەوتن لە ئەورووپا بڵاو کراوە کە بەکارهێنانی سپڕای لووت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری منداڵان لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکاندا رێگەیەکی کاریگەر، خێرا و دوور لە بەکارهێنانی دەرزی پێشکێش دەکات.
توێژینەوەیەک لە نەخۆشخانەی سان کارلۆس و زانکۆی ئۆتۆنۆما دێ مەدرید، کاریگەریی چارەسەرێکی خێرای ئازارشکێنی بۆ منداڵان بەبێ بەکارهێنانی دەرزی هەڵسەنگاند.
بەگوێرەی پسپۆڕانی پزیشکیی فریاکەوتن، بەکارهێنانی چارەسەری لەڕێگەی لووت نەک هەر ترس و دڵەڕاوکێی منداڵان لە دەرزی کەم دەکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی گەیشتنی خێرای ماددە ئازارشکێنەکان بە خوێن.
پزیشکانی نەخۆشخانەی سان کارلۆس پێشنیازیان کرد، ئەم شێوازە ئاسانە ببێتە بەشێکی سەرەکی لە پرۆتۆکۆڵەکانی فریاگوزاریی خێرا بۆ منداڵان، بە مەرجێک هەمیشە لەژێر چاودێریی راستەوخۆی پزیشک و کارمەندانی تەندروستیدا بێت.



