رووداو - تەندروستی
د. شۆخان حەسەن، پسۆڕی نەخۆشییەکانی پێست بە رووداوی راگەیاند، رۆژانە هەڵوەرینی 100 بۆ 150 تاڵی قژ بە ئاسایی دادەنرێت، چونکە قژ بەردەوام لە پڕۆسەی گەشەکردن و وەریندایە، کاتێک قژهەڵوەرین دەبێتە جێگەی نیگەرانی کاتێک بە شێوازێکی خێرا و زیاتر لە بڕی ئاسای خۆی قژوەرین رووبدات و کاتێک بە تەنیا لە ناوچەیەکی دیاریکراوی سەردابێت بە جۆرێک پێستی سەرەکە بەدیاربکەوێت.
د. شۆخان حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هۆکارانەی خوارەوە باون بۆ قژهەڵوەرین؛
- کەمیی ئاسن
- کەمیی ڤیتامین دی
-کەمیی زینک و ڤیتامین بی 12
- نەخۆشییەکانی رژێنی پەریزادە
- زەبری دەروونی
- ماوەی پاش نەشتەرگەری
- بەکارهێنانی گەرمی بۆ قژ وەکو ئوتووکردنی قژ و بەکارهێنانی قژوشککەرەوە
- تووندبەستنی قژ
دەربارەی چارەسەریش د. شۆخان گوتی: هەندێک کات شامپۆ ناتوانێت بە تەنیا هۆکاری هەڵوەرینی قژ چارەسەربکات، هەندێک جۆری شامپۆ کە بۆکێشەی کڕێش و پیستی سەر بەکاردێت، دەکرێت یارمەتیدەر بێت، ئەگەریش هۆکاری قژ هەڵوەرینەکە کەمیی ڤیتامین بێت بە وەرگرتنی ڤیتامین، کێشەی قژ هەڵوەرینەکە کەم دەبێتەوە دەربارەی زەیتیش ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەکرد کە زەیت دەکرێت قژ نەرمبکاتەوە بەڵام تا ئێستا بەڵگەی سەلمێنراو نییە کە چارەسەری قژهەڵوەرین بکات.
ئەو پسپۆڕە لە چەند خاڵێک ئاماژەی بە گرنگترین رێگاکانی پاراستنی قژ کرد لەوانە
- کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی و باش خەوتن
- دوورکەوتنەوە لە شێوازی تووندبەستنی قژ
- کەمکردنەوەی بەرکەوتنی قژ بە گەرمیی زۆر
- ئەگەر رووتانەوەی قژەکە زۆر و خێرا بوو سەردانی پسپۆڕی پێویست بکرێت


