رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، تەنیا نیوەی ئەو کەسانەی لە ئینگلاند چارەسەری بەرزەپەستانی خوێن وەردەگرن، پەستانی خوێنیان لەژێر کۆنترۆڵدایە، هاوکات ملیۆنان کەسی دیکە هەن کە بە تەواوی ئاگاداری ئەوە نین تووشبووی ئەم نەخۆشییەن.
توێژینەوەکە لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆردەوە لەسەر نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس ئەنجامدراوە و دەریخستووە، تەنانەت لەنێو ئەو کەسانەی دەستنیشانکراون و دەرمان وەردەگرن، لە 50٪ی حاڵەتەکاندا پەستانی خوێنیان کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات، 59٪ی ئەو کەسانەی بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە، ئاگاداری دۆخی خۆیان نین و دەستنیشان نەکراون، ئەمەش مەترسیی جەڵتەی مێشک، جەڵتەی دڵ و مردنی پێشوەختەیان زیاد دەکات.
د. وێنیو لیو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، دەڵێت: "لە کاتێکدا کە بەرزەپەستانی خوێن تا رادەیەکی زۆر 'بکوژێکی بێدەنگە'، دەستنیشانکردن و چارەسەری باشتر دەتوانێت یارمەتیی دەیان هەزار کەس بدات بۆ خۆلادان لە جەڵتەی دڵ و مێشک کە دەکرێت رێگرییان لێبکرێت''.
کۆمەڵەی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا چۆنیەتیی پێوانەکردنی پەستانی خوێن بە دروستی روون دەکاتەوە؛
لەکاتی پێوانەکردنەکە؛
قسە مەکە و مەترسێ، باشترە دوو جار پێوانەکە تۆمار بکەیت بۆ دڵنیابوونەوە، بەڵام هەر جارێکیان چەند خولەکێکی لەنێوان بێت
شێوەی دانیشتن گونجاو بێت؛
پاڵبدەرەوە بە کورسییەکە، قاچ مەخەرە سەر قاچ و با قاچەکان لە زەویدا بن، ئەو دەستەی پێوانەکەی لێدەکرێت لەسەر مێزێک دابنرێت و پەستانی نەکەوێتە سەر
شوێنی دانانی ئامێرەکە؛
بەستەری ئامێرەکە لە سەروو چەمانەوەی ئانیشکەوە بێت، بە باشی ببەسترێت و نابێت لەسەر جلوبەرگەوە ببەسترێت
پێش ئەوەی پێوانەکردنە بکەیت؛
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ مەکێشە
- چا، کحول، قاوە و خواردنەوە وزەبەخشەکان مەخۆرەوە
- وەرزش مەکە
- میزڵدانت بەتاڵ بکەرەوە
- ماوەی پێنج خولەک بحەسێرەوە

.png&w=3840&q=75)
