رووداو - تەندروستی
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی لاسەرئێشە (شەقیقە)، رێنوێنی نوێ لەلایەن کۆمەڵەی ئەمریکیی سەرئێشە (AHS) و ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ زانستی دەمار (AAN) لە گۆڤاری Headache بڵاو کراوەتەوە؛ دەرمانی شیاو بەکاربێت.
د. رێبێکا بێرچ، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت: گەورەترین جیاوازی لەم رێنوێنییەدا زۆریی چارەسەرە نوێیەکانی خۆپارێزییە، بەتایبەتی کۆمەڵە دەرمانی CGRP، ئەگەر جۆرێک لە دەرمان باش کار نەکات، جۆرێکی تر دەکرێت هێشتا کاریگەر بێت، بۆیە گرنگە بزانرێت بژاردەی زۆر لەبەردەستدان.
کۆمەڵە دەرمانی CGRP ئەم دەرمانانەن گرووپێکی نوێی چارەسەرن بۆ شەقیقە، کە پڕۆتینێکی تایبەت بە ناوی (CGRP) دەکەنە ئامانج، چونکە ئەم پڕۆتینە دەبێتە هۆی هەوکردن و ئازار لە کاتی سەرئێشەی شەقیقەدا، جۆرەکانیان:
- دەرزیی (Monoclonal Antibodies): وەک (Erenumab) و (Galcanezumab). ئەم جۆرەیان مانگانە یان هەر 3 مانگ جارێک لە رێگەی دەرزیی ژێر پێستەوە بەکاردێت.
- حەبی (Gepants): وەک (Atogepant)، کە رۆژانە بەکاردەهێنرێت.
تایبەتمەندیی ئەو کۆمەڵە دەرمانە بەراورد بە دەرمانە کۆنەکان، ئەوەیە ئەم چارەسەرە نوێیانە کاریگەرییان زیاترە و کاریگەریی لاوەکییان کەمترە.
لە توێژینەوەکەدا، رێنوێنی بۆ هەردوو جۆری لاسەرئێشەی کورتخایەن (کەمتر لە 15 رۆژ لە مانگێکدا) و لاسەرئێشەی درێژخایەن (15 رۆژ یان زیاتر لە مانگێکدا) کراوە و بژاردەکان دەرمان و دەرزی لەخۆدەگرن.
د. مەسیو روبینز، سەرۆکی کۆمەڵەی سەرئێشەی ئەمریکی گوتی، ''دەبێت دەرمانە نوێییەکانی تایبەت بە لاسەرئێشە ببنە هێڵی یەکەمی چارەسەری خۆپارێزی، ئەم بژاردە نوێیانە شۆڕشێکیان لە چاودێریکردنی ملیۆنان کەس لە جیهاندا بەرپا کردووە''، ئەم رێنوێنییە بۆ ئەوەن کە لە کاتی هەڵبژاردنی دەرماندا جۆری ژیانی نەخۆش، کاریگەریی دەرمانەکە و زیانە لاوەکییەکان لەبەرچاو بگیرێن تاوەکو بڕیاری هاوبەش لەنێوان پزیشک و نەخۆشدا بدرێت.


.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)