رووداو - تەندروستی
پسپۆرانی تەندروستی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا، تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانیان بەهۆی تای خوێنبەربوون راگەیاند.
بەرپرسانی تەندروستی لە ناوچەی هێڵسبۆرۆ دەیانەوێت، پێش ئەوەی نەخۆشییەکە زیاتر بڵاوببێتەوە، باری تەندروستی زیاتر لە 152 تووشبووی ناوخۆیی هەڵبەسەنگێنن و کاریگەریی مێشوولەی هەڵگری ڤایرۆسەکە بزانن.
هۆکاری ئەوەی فلۆریدایان هەڵبژاردووە ئەوەیە کە کەشوهەواکەی گەرمە و ژینگەیەکی لەبار دروستدەکات بۆ زۆربوونی مێشوولە گوێزەرەوەکان.
کریس ویلکەرسۆن، گوتەبێژی ناوچەی هێڵسبۆرۆ دەڵێت: بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە نەخۆشییە لای ئێمە نائاساییە، بەهۆی بارودۆخی کەشوهەواوە بڕێکی زۆر لە مێشوولە گوازەرەوەکان زیادیان کردووە، بەڵام تاقیکردنەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە ئاستی بڵاوبوونەوەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، لە کۆی 152 حاڵەتی تووشبوون لە فلۆریدا، زیاتر لە 130 حاڵەتیان لە ناوچەی هێڵسبۆرۆ بووە.
د. مایکل ڤۆن فریکن، مامۆستای زانکۆی فلۆریدا گوتی، ''بیرۆکەکە ئامادەکارییە بۆ ئایندە، بەهۆی دووبارەبوونەوەی کەشوهەوای گەرم و گونجاو بۆ ئەم مێشوولانە، رەنگە ئەم جۆرە شەپۆڵانەی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون ببنە بەشێک لە دیاردە ئاساییەکانی ویلایەتەکە''.



