رووداو - تەندروستی
پەتای سوورێژە یەکێکە لە ڤایرۆسە گوازراوەکان، دوای چەند دەیەیەک لە کۆنتڕۆڵکردنی، لە ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمەریکا سەریهەڵداوەتەوە و بۆتە هۆی مردن ئەمەش گەورەترین شەپۆلی مردن بەو نەخۆشییە پێکهێناوە لە ساڵی 1992ـەوە تاوەکو ئێستا.
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی ئەمریکا دەریدەخات، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی سوورێژە لە ویلایەتی پێنسلڤانیا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 4 کەس، لەنێویاندا نەوجەوانێکی 18 ساڵانی ڤاکسیننەکراو و دوو منداڵی ساوا.
بەگوێرەی ئامارەکان، تاوەکو نێوەڕاستی ئەیلوولی 2026، نزیکەی 700 حاڵەتی تووشبوون لەو ویلایەتە و زیاتر لە سێ هەزار و 300 حاڵەتیش لەسەر ئاستی ئەمریکا تۆمارکراون. ئەمە لە کاتێکدایە نەخۆشییەکە لە ساڵی 2000ـەوە لە وڵاتەکەدا بنبڕ کرابوو.
د. ستانلی مارتن، بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی جەیسنگەر ئاماژەیدا بەوەی کە دابەزینی رێژەی ڤاکسینکردن دەبێتە هۆی تێکچوونی بەرگریی کۆمەڵگە و زیانگەیاندن بە کەسە لاوازەکان.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پیشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، سوورێژە یەکێکە لە خێرا گوازراوەترین ڤایرۆسەکان، دەتوانێت تا 90٪ی ئەو کەسانە تووش بکات کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. ڤایرۆسەکە تەنیا پەڵەی پێست نییە، بەڵکو سیستەمی بەرگریی لەش بە توندی لاواز دەکات و دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان و تێکچوونی مەترسیداری مێشک. ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ پاراستنی کۆمەڵگە، پێویستە لانیکەم 95٪ی دانیشتووان ڤاکسینی (MMR)یان وەرگرتبێت، بەڵام دابەزینی رێژەی ڤاکسینکردن ئەو پارێزبەندییەی لاواز کردووە.



