رووداو – تەندروستی ئەم پیاوەی نێو وێنەکە تۆشیسوکی کانازاوایە، لە تەمەنی 90 ساڵیدا توانی سەرنجی میدیاکانی جیهان بۆ لای خۆی رابکێشێت و توانی لە پاڵەوانێتیی لەشجوانی ئەستێرە دیارەکانی ژاپۆن کە لە سەرەتای ئەیلوولی 2026 بەڕێوەچوو، پلەی یەکەم لە پۆلێنبەندی 85 ساڵ بە سەرەوە بەدەستبهێنێت. دیارترین خاڵی ئەم دەستکەوتە ئەوەیە، ئەم سەرکەوتنە مەزنەی تەنیا یەک رۆژ پاش ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی 90 ساڵەیەوە تۆمار کرد. پاش ماوەیەکی درێژ لە وازهێنان، لە تەمەنی 50 ساڵیدا گەڕایەوە ناو مەیدانی کێبڕکێکان و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەندین ناونیشانی نیشتمانی و نێودەوڵەتی لە تەمەنە پێشکەوتووەکاندا بەدەستهێناوە. نهێنییەکانی سەرکەوتن و سیستمی خۆراکیی تۆشیسوکی کانازاوا؛ - دوورکەوتنەوە لە گۆشت: سەرباری ئەوەی کە وەرزشکارانی لەشجوانی پشت بە خواردنی بڕێکی زۆر لە گۆشت دەبەستن، بەڵام کانازاوا دەیان ساڵە بەتەواوی وازی لە خواردنی گۆشت هێناوە. - سیستمی خۆراکیی رۆژانە: ژەمە سەرەکییەکانی پێکدێن لە برنجی قاوەیی (بۆ دابینکردن و پاراستنی وزە)، فاسۆلیای سۆیا کە دۆشاوی تایبەتی هەیە و پرۆتین و بەکتریای سوودبەخشی تێدایە، هێلکە و شۆربای میسۆ. - وازهێنان لە خووە خراپەکان: کاتێک لە تەمەنی 50 ساڵیدا گەڕایەوە ناو مەیدانی وەرزش، جگەرە و خواردنەوە کحولییەکانی بە یەکجاری راگرت و پابەندبوونی خۆی بە راهێنانی قورسەوە دەستپێکردەوە. کانازاوا، سەبارەت بە تەمەنەکەی دەڵێت "هەموو ساڵێک چرچولۆچیی دەموچاوم زیاد دەکات و هێزم کەمتر دەبێتەوە، بەڵام زاڵبوون بەسەر ئەمانەدا بە هەوڵدان، رێبازی ژیانی منە". ناوبراو ئامانجێتی تاوەکو تەمەنی 100 ساڵی بە تەندروستیی باشەوە بمێنێتەوە و نموونەیەکی باڵا بێت بۆ باپیران و دایکانی جیهان.