رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی ساپێنزیا لە ئیتاڵیا، لایەنە مەترسیدارەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ ئاشکرا دەکات و دەریدەخات کە خواردنەوەیان بە رێژەیەکی زۆر، کاریگەریی نەرێنیی بەرچاوی لەسەر دڵ و کۆئەندامی دەمار هەیە.
توێژینەوەکە بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆر د. ڤیتۆریۆ فینێسکی ئەنجامدراوە تێیدا 9 حاڵەتی راوەستانی دڵ دەستنیشانکراون کە پەیوەندییان بە خواردنەوەی وزەبەخشەکانەوە هەبووە.
توێژەرانی زانکۆ ئیتاڵیەکە ئاشکرای دەکەن، هۆکاری سەرەکیی ئەم زیانانە بۆ رێژەی بەرزی کافاین و مادەکانی دیکە دەگەڕێتەوە کە لە پێکهاتەی ئەو خواردنەوانەدا هەن.
لە کۆتاییدا، توێژەران داوای سنووردارکردنی توندی خواردنەوە وزەبەخشەکان دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە رێنوێنی و یاسای تایبەت هەبێت بۆ رێکخستنی فرۆشتن و بەکارهێنانیان.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی داوە کە زیادبوونی بەکارهێنانی خواردنەوە وزەبەخشەکان، بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا، بووەتە "مەترسییەک بۆ تەندروستیی گشتی". بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوەکە بڕی بەرزی کافاین لەم خواردنەوانەدا دەبێتە هۆی ژەهراویبوون، کە نیشانەکانی بریتین لە دڵەکوتە، بەرزیی پەستانی خوێن، رشانەوە و جەڵتەی دڵ.


.png&w=3840&q=75)