رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ رایدەگەیێنێت، ناچارن رۆژانە نەخۆش رەوانەی سلێمانی بکەن، هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات کە ئامبوڵانسەکانیان پێداویستیی تەواویان تێدا نییە و گرفتی بەنزینیشی لە لایەکی دیکەوە کێشەی بۆ دروست کردوون.
د. ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ، رایگەیاند، زۆربەی ئەو نەشتەرگەرییانەی لە نەخۆشخانەکەیان دەکرێن بریتین لە نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون، نەشتەرگەریی گشتی و ئێسک و شکان، بەڵام بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی پێویست، نەشتەرگەرییە وردەکان ئەنجام نادرێن.
بە گوتەی د. ئازاد ئەحمەد، نەبوونی ژووری چاودێریی چڕ کێشەیەکی سەرەکییە و ناچارن ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چاودێریی چڕە بیانگوازینەوە بۆ سلێمانی کە ئەمەش نزیکەی دوو کاژێر و نیو بۆ سێ کاژێر رێگەیە و مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دروست دەکات.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵادزێ ئاماژەی بەوەشکرد، "رۆژانە دوو بۆ شەش نەخۆش بەهۆی نەبوونی پسپۆڕییە وردەکانەوە رەوانەی سلێمانی دەکەین."
سەبارەت بە ئامبوڵانسەکانیش، د. ئازاد ئەحمەد گوتی، "4 ئامبوڵانسمان هەیە کە خراپن و پێداویستیی تەواویان تێدا نییە، هەروەها بەردەوام گرفتی بەنزینمان هەیە و دەبێت ئامبوڵانسەکان بنێرینە رانیە بۆ ئەوەی بەنزین تێبکەن."
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)