رووداو - تەندروستی
راوێژکاری دەروونیی پڕۆژەی زانکۆی دڵخوازی دەزگای روانگە رایدەگەیێنێت، پێشنیاز و رای ماڵباتی قوتابی پێویستە پشتگیر و راوێژکارانە بێت، نەک بڕیارێکی سەپێنەر بەسەر قوتابییەکە بۆ دەستنیشانکردنی زانکۆ و پەیمانگەی داهاتووی، چونکە قوتابی بە حەزی خۆی نەچێتە بەشی دڵخوازی، تووشی بێئومێدی، گوشار و دڵەڕاوکێی درێژخایەن دەبێت.
نوور عادل، دەروونناس و راوێژکاری دەروونیی پڕۆژەی زانکۆی دڵخوازی دەزگای روانگە بە رووداوی راگەیاند، ''دەبێت دەستوەردانی کەسانی دەرەکی، خزم، دراوسێ و هاوڕێکان بە تەواوی سنووردار بکرێت، چونکە شارەزای توانا و دەروونی قوتابی نین لە دەستنیشانکردنی بەش و پسپۆڕیی گونجاو بۆ قوتابییەکە''.
ئەوەش باس دەکات کە بڕیاری کۆتایی هەر لە دەستی خودی قوتابیدا بێت تاوەکو بەرپرسیارێتیی داهاتووی هەڵبگرێت.
دەقی وەڵامەکان لەبارەی پاراستنی دەروونێکی ئارام لەکاتی دەستنیشانکردنی زانکۆ و پەیمانگەی گونجاو؛
رووداو: چۆن قوتابیی دەرچووی پۆلی 12 بەشێکی گونجاو هەڵبژێرێت کە لەگەڵ دەروون و جەستەی گونجاو بێت؟
نوور عادل: هەڵبژاردنی بەشی ئەکادیمی پێویستە پڕۆسەیەکی زانستی و هاوسەنگ بێت و تەنیا پشت بە نمرە نەبەستێت، بەڵکو ئەم پێوەرانە لەبەرچاو بگرێن؛
- دیاریکردنی حەز، بەهاکان و شێوازی کەسایەتیی قوتابی بە یارمەتیی پێوانە دەروونییەکان.
- گونجاندنی توانا و بەرگەی جەستە لەگەڵ سرووشتی کارەکەدا (وەک وەستانی بەردەوام یان دانیشتنی درێژخایەن) بۆ دوورکەوتنەوە لە ماندووبوونی درێژخایەن.
- هەڵسەنگاندنی ئەوەی ئایا دەروونی قوتابی بەرگەی گوشاری بەرز (وەک فریاکەوتن) دەگرێت یان ژینگەیەکی هێمنتری پێویستە.
- پشتیوانیکردن بە ئارەزوو و لێهاتوویی راستەقینەی خود، نەک خواست و مۆدێل (ترێند)ـی کۆمەڵگە.
- دڵنیابوونەوە لەوەی بەشەکە دەتوانێت پێداویستییە مادییەکانیش پڕ بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری ئابووری.
رووداو: وەرگرتنی پێشنیازی دەوروبەر چ کاتێک مەترسیدارە بۆ بڕیاردان لە داهاتووی قوتابی؟
نوور عادل: وەرگرتنی پێشنیاز و گوشاری دەوروبەر کاتێک دەبێتە مەترسییەکی گەورە کە ببێتە هۆی ونبوونی کەسایەتی و سەرەنجام شکان لە پڕۆسەی خوێندندا؛ قوتابی متمانەی بە دەنگ و حەزی ناوەکیی خۆی لەدەستدەدات و تووشی نامۆبوون دەبێت، لەبەر ئەوەی بڕیارەکە هی خۆی نەبووە، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی قورسیدا زووتر کۆڵ دەدات و شکست دەهێنێت.
رووداو: قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12، چۆن دەروونێکی ئارامیان هەبێت بۆ پڕکردنەوەی زانکۆڵاین و خۆیان لە گوشار بپارێزن؟
نوور عادل: پێویستە ئەمانەی خوارەوە بۆ دەروونێکی ئارام لەکاتی پڕکردنەوەی زانکۆڵاین جێبەجێ بکرێن؛
- رێگریکردن لە دەستتێوەردانی زۆری دەوروبەر و قبووڵنەکردنی رای کەسانی دیکە وەک فەرمان.
- بڕیاردان لەسەر بنەمای توانای کەسی و نمرەی بەدەستهاتوو نەک تەنیا حەزی خێزانی.
- دوورکەوتنەوە لە بەراوردکاری لەگەڵ هاوڕێکان و وەرگرتنی مەودای پێویست پێش بڕیاردانی کۆتایی.
رووداو: کەسێک نمرەی بەرزی هەیە، بەڵام بە قسەی دەوروبەر دەچێتە بەشێک کە حەزی لێ نییە، تووشی چ کێشەیەک دەبێت؟
نوور عادل: چوونە نێو بەشێک بەبێ حەز و تەنیا لەسەر بنەمای خواست و نمرە، قوتابی تووشی کێشەی قووڵی دەروونی و ئەکادیمی دەکات کە ئەمەش دەبێتە هۆی تەمبەڵی و دابەزینی ئاستی بەرهەمداری لە خوێندنەکەیدا و شکستی لە داهاتوودا، پاشانیش دەروونیی تێکدەچێت و هەستی پەشیمانی و بێزاری دەبێت، بەجۆرێک هەست دەکات ساڵانی خوێندنی بەفیڕۆ چووە. بەتایبەت لە ساڵی یەکەمی خوێندنیدا.
.png&w=3840&q=75)


