رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە رێنوێنییەکی نوێدا فرۆشتنی دەرمانە دژەبەکتریاییەکانی بەبێ رەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ قەدەخە کرد.
بەپێی رێنوێنییە نوێیەکەی وەزارەتی تەندروستی، پێدانی هەموو جۆرە دەرمانێکی دژەبەکتریا تەنیا بە رەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ دەبێت، کە پێویستە بڕ و ماوەی بەکارهێنانی لەسەر دیاری کرابێت و رەچەتەکەش تەنیا بۆ یەک جار بەکاربهێنرێت.
بۆ ئەو دەرمانە هەستیارانەی مەترسیی نەمانی کاریگەرییان هەیە بەهۆی دروستبوونی بەرگریی بەکرتریاکان دژی دەرمان، دەبێت سەرەتا پشکنینی چاندن (Culture)یان بۆ بکرێت، فرۆشتنی ئەم دەرمانانە لە دەرەوەی دەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکان وەک نۆرینگە و شوێنە نافەرمییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
وەزارەتی تەندروستی سزای سەرپێچیکارانی بەمشێوەیە دیاری کردووە:
دەرمانخانەکان: یەکەم جار 500 هەزار دینار و دووەم جار یەک ملیۆن دینار.
شوێنە نافەرمییەکان: یەکەم جار یەک ملیۆن دینار و بۆ جاری دووەم رەوانەی دادگە دەکرێن.
کۆمپانیا و کۆگەکان: هەر کۆمپانیایەک ئەو دەرمانانە بە شوێنێکی نافەرمی بفرۆشێت، بە دوو ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم رێکارانە بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی هەڕەمەکیی دەرمانە دژەبەکتریاییەکان و رێگریکردن لە مەترسییەکانی دروستبوونی بەرگریی بەکتریا بەرامبەر دەرمانەکان گیراونەتەبەر.
رەنگە سەردانی نۆرینگە لاکۆڵانەکانت کردبێت و ئەم مەترسییەت نەزانیبێت کە پسپۆڕان باسی دەکەن؛ ''ناکرێت خەڵک دەرزیی تێکەڵە و دەرمان لە شوێنێک وەربگرێت کە هیچ پێناسەیەکی فەرمی نەبێت'' (ئەم راپۆرتەی خوارەوە ببینە)
.png&w=3840&q=75)

