رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەكی پزیشكی لە شاری هەولێر دەریدەخات، خانمان زیاتر تووشی نەخۆشیی ئەكزیما دەبن و نیشانەكانیشی بەپێی تەمەن جیاوازن.
توێژینەوەكە لەلایەن د. بان ئەنتۆن، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست سەرپەرشتی كراوە و دەرکەوتووە 69٪ـی تووشبووانی ئەكزیما لە هەولێر خانمانن. هەروەها 54٪ی نەخۆشەكان كەسێكی دیكەیان لە خێزانەكەیاندا هەمان نەخۆشیی هەبووە و 48.5٪ـیشیان جۆرێكی دیكەی هەستیارییان وەك رەبۆ یان هەستیاریی لووتیان لەگەڵدا بووە.
د. بان ئەنتۆن، ئاماژەی بەوە كردووە، نیشانەكانی ئەكزیما بەپێی تەمەن دەگۆڕێن؛ لە منداڵانی خوار تەمەن 2 ساڵ، 58.3٪ـی نیشانەكان لەسەر دەموچاو دەردەكەون، بەڵام لە كەسانى سەروو 15 ساڵ، 74.4٪ـی نیشانەكان لە سەرانسەری جەستەدا دەردەکەون.
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی پێست دەڵێت، بەهۆی كەشوهەوای وشكی هەولێر و هۆكارە بۆماوەییەكان، پاراستنی پێست لە وشكبوونەوە یەكەم هەنگاوە بۆ رێگری لە ئەكزیما، بۆیە پێویستە كرێمی شێداركەرەوە بەكاربهێنرێت و لە خۆشۆردن بە ئاوی زۆر گەرم و سابوونی كیمیایی بەهێز دووربکەونەوە چونكە چەوریی سرووشتیی پێست لەناودەبەن و نەخۆشییەكە توندتر دەكەن.

.png&w=3840&q=75)
