رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەكی زانكۆی شاریتێ لە ئەڵمانیا دەریخستووە، شیرینكەرێكی دەستكرد كە بۆ دروستكردنی بەرهەمی وەك بنێشت و هەویری ددان بەكاردێت، مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك زیاد دەكات.
د. مارکۆ ویتکۆڤسکی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "پێشتریش لە توێژینەوەکانماندا بۆمان دەرکەوتبوو کە زایلیتۆڵ کە شیرینکەری دەستکردە توانای پەڕەکانی خوێن بۆ تۆپەڵبوون و کڵۆ دروستکردن زیاد دەکات، ئێستاش توێژینەوەکەمان پەیوەندییەكی لەنێوان ئاستی زایلیتۆڵ لە خوێندا و زیادبوونی مەترسیی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشك و مردن بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوە دۆزیوەتەوە''.
توێژەرانی زانکۆ ئەڵمانییەکە بۆیان دەركەوت، ئەو كەسانەی بەرزترین ئاستی زایلیتۆڵیان لە خوێنیاندا هەبووە، بە رێژەی 57٪ لە مەترسیدا بوون بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، بە بەراورد بەوانەی كەمترین ئاستیان هەبووە.
زایلیتۆڵ، جۆرێكی باوی شیرینكەری دەستكردە و لە زۆرێك لە بەرهەمە باوەكاندا هەیە، لەوانە خواردن و خواردنەوە ئامادەكراوەكان، بنێشتی بێ شەكر و هەویری ددان.

.png&w=3840&q=75)
