رووداو - تەندروستی
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان، کارکردنی ئەو پزیشکە پسپۆڕە بێهۆشکارەی قەدەخە کرد کە لە تیمی نەشتەرگەریی سارا تەحسین بوو.
لە راگەیێندراوێکدا کە سەندیکای پزیشکانی کوردستان لقی هەولێر ئاراستەی سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکانی کردووە هۆشداری داوە کە ئەو پزیشكە لەهەر نەخۆشخانەیەکی تایبەت کاربکات، نەخۆشخانەکە رووبەڕووی رێکاری تووندی یاسایی دەبێتەوە.
د. ئامانج وەفایی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو پزیشکە مۆڵەتی کارکردنی لە سەندیکای پزیشکان نییە، بەڵام خاوەنی بڕوانامەیە."
گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان ئاشکرایکرد، "هەر پزیشکێک تاوەکو دوو ساڵ مۆڵەتی کارکردنی لە سەندیکای پزیشکان نوێ نەکاتەوە، مافی کارکردنی نامێنێت."
ئەم بڕیارەی سەندیکای پزیشکان دوای ئەوە دێت کە سارا تەحسین، تەمەن 21 ساڵ، دوای نەشتەرگەرییەک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتیی هەولێر گیانی لەدەستدا، کە هەمان پزیشک بێهۆشکاری بۆ ئەنجامدابوو .


