رووداو - تەندروستی
تەنیا شووشتنی ددانەکان بەس نییە، بەڵکو خواردنی سەوزەی گەڵادار، سیر و تەنانەت پەنیر رۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی سیستمی بەکتریایی نێو دەم و تەندروستیی گشتیدا دەگێڕن.
د. لۆرا وەیریچ لە زانکۆی پێن ستیت دەریدەخات، پاراستنی تەندروستیی دەم تەنیا بە فڵچە و هەویری ددان ناکرێت، بەڵکو سیستمی خۆراکیش رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە راگرتنی هاوسەنگیی بەکتریاکانی نێو دەم کە پێکهاتوون لە 700 جۆری جیاواز لە بەکتریا، ڤایرۆس و کەڕووەکان.
توێژینەوەکە دەریخستووە، چەندین خۆراک سوودیان بۆ تەندروستیی دەم و ددان هەیە. لێکۆڵینەوەکان پشتیان بە پشکنینی لیک بەستووە و ئاشکرایان کردووە:
- سەوزە گەڵادارەکان وەکو سپێناخ و کەلەرم، بەهۆی بوونی نیتراتەوە، یارمەتیی گەشەی بەکتریای سوودبەخش دەدەن.
- سیر مادەی ئەلیسینی تێدایە، دژی بەکتریایە و رێگری لە کلۆربوونی ددان دەکات.
- خواردنی پەنیر بەرهەمهێنانی لیک زیاد دەکات و ترشەڵۆکی نێو دەم هاوسەنگ دەکاتەوە.
- چای بەهۆی بوونی پۆلیڤینۆڵەوە رێگری لە گەشەی بەکتریا زیانبەخشەکان دەکات.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن، پشتگوێخستنی تەندروستیی دەم و ددان تەنیا نابێتە هۆی کلۆربوون و هەوکردنی پووک، بەڵکو مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، هەندێک جۆری شێرپەنجە و ئەڵزهایمەریش زیاد دەکات. بۆ پاراستنی تەندروستیی دەم، پسپۆڕان ئامۆژگاری دەدەن بە کەمکردنەوەی شەکر و کاربۆهیدرات، بایەخدان بە خۆراکی رووەکی و خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو بۆ یارمەتیدانی بەرهەمهێنانی لیک.


