رووداو - تەندروستی
توێژەران لە توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە، بەکارهێنانی بەتانیی قورس لە نەخۆشخانەکاندا یارمەتیی هێورکردنەوەی نەخۆش و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێیان دەدات.
د. مارسی ئێبەرتس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە نەخۆشخانەی سەینت لووک لە ئەمریکا رایگەیاند: نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەدا زۆرجار تووشی دڵەڕاوکێ دەبن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر چاکبوونەوە، خەو و دەروونییان دەکات، بەڵام دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی بەتانیی قورس بۆ ماوەیەکی کورت، دڵەڕاوکێ بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، تەنانەت دوای لابردنی بەتانییەکەش".
بەتانیی قورس، بۆ هێورکردنەوەی تووشبووانی ئۆتیزم بەکاردەهات، بەڵام ئێستا لە نۆرینگەکانی ددان، دامەزراوەکانی دەرووندروستی و کلینیکەکانی چارەسەریی سرووشتیدا سوودی لێ وەردەگیرێت.
ئەو پسپۆڕە چەند رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی نەخۆش لە نەخۆشخانە پێشنیاز دەکات؛
- بەکارهێنانی بەتانیی قورس
- دابینکردنی ژینگەیەکی هێمن
- پێدانی زانیاریی پێویست بە نەخۆش
- پشتگیریی دەروونی لەلایەن پەرستارانەوە
- رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ خەو
- کەمکردنەوەی ژاوەژاو لە ژوورەکەدا

.png&w=3840&q=75)

