رووداو - تەندروستی
لە سلێمانی پزیشکانی گەنج گردبوونەوە و داوای دامەزراندنی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی رابردوو دەکەن، ئەمەش لەپێناو دامەزراندنیان و رێگری لە وەستاندنی بەرزکردنەوەی ناونیشانی کاری پزیشکانی خولاو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9-9-2026 لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بەیاننامەیەکیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد، دامەزراندن مافی سەرەکیی دەرچووانی پزیشکیی گشتییە کە ئێستا لێی بێبەش کراون، ئەمەش وایکردووە سیستمی پلەبندی چەق ببەستێت.
داستان بەشارەت، نوێنەری پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو رایگەیاند، بۆ بەرهەمهێنانی پزیشکی پسپۆڕی نوێ، پێویستە سیستمی پلەبەندی نەوەستێت و پزیشکان بەپێی سیستم و خزمەتیان، لە پزیشکی خولاوەوە بەرز بکرێنەوە بۆ پزیشکی پلەبەند و ئاستەکانی دیکە.
ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، دانەمەزراندنی پزیشکانی گشتیی ساڵی رابردوو، وایکردووە پزیشکانی ئێستای خولاو هەر لە هەمان ئاست و پلەی زانستیدا بن و نەتوانن پلەیان بەرز بکرێتەوە بۆ پزیشکیی پلەبەند، چونکە ''ئەگەر پزیشک دانەمەزرێت، هیچ پزیشکێک نییە شوێنیان بگرێتەوە''.
ئەمەش بزانە
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ لە هەرێمی کوردستان بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی 2024، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە و دەرچوون کە هەموویان دوای ساڵێک دامەزران؛ ساڵی رابردووش 663 پزیشک دەرچوون و تائێستا هیچیان دانەمەزراون.
روونکردنەوە؛ هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵند. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان بگۆڕێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2025 دانەمەزراون، ئەوا پزیشکانی خولاو ناتوانن پلەیان بەرز بکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.
بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس لەسەر ئەم پرسە و داهاتووی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو ببینە


.png&w=3840&q=75)