رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەكی زانكۆی بێرمینگهام لە بەریتانیا، ئەو بۆچوونە راست دەکاتەوە کە خواردنەوەی قاوە دەبێتە هۆی وشكبوونەوەی جەستە و توێژەران رایدەگەیێنن، خواردنەوەی قاوە بە رێژەیەكی مامناوەند دەتوانێت بەشێك لە پێداویستیی رۆژانەی جەستە بۆ ئاو دابینبكات.
توێژەرانی ئەم توێژینەوەیە دەڵێن، "كاتێك قاوە بە بڕێكی گونجاو لەلایەن ئەو كەسانەوە دەخورێتەوە كە پێی راهاتوون، هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر هاوسەنگیی شلەكانی نێو جەستە دروستناكات".
توێژینەوەكە، كە لە گۆڤاری زانستیی (ScienceDaily) بڵاو كراوەتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەنجامی پشكنینەكان دەریانخستووە، بڕی شلەی نێو جەستەی ئەو كەسانەی قاوەیان خواردووەتەوە، هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی تەنیا ئاویان خواردووەتەوە.
توێژەران روونیان كردووەتەوە، مادەی كافایین تەنیا لەكاتی خواردنەوەی بڕێكی زۆردا، دەبێتە هۆی خێرا دەركردنی شلەكان لە رێگەی میزەوە، بەڵام خواردنەوەی بە رێژەیەكی مامناوەند ئەو كاریگەرییەی نییە.
بەپێی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، تێگەیشتنی دروست لە چۆنیەتیی دابینكردنی شلەی پێویست بۆ جەستە، یارمەتیدەرە بۆ دووركەوتنەوە لە وشكبوونەوە و پاراستنی كارایی ئەندامەكانی جەستە.
ئەمەش بزانە
بەگوێرەی دامەزراوەی خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا، چوار بۆ پێنج کوپ قاوە لە رۆژێکدا ئاساییە بخورێتەوە و نابێت زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی قاوەدا بکرێت، چونکە بە پێچەوانەوە چەندان لێکەوتی خراپ لەسەر تەندروستی و دەروونی کەسەکە دروستدەکات.
کۆمەڵەی خۆراک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، کافایین و پۆلیفینۆڵەکان مادەی سەرەکیی نێو قاوەکانن و قاوەی ئێسپرێسۆ بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی قاوە بەرزترین رێژەی کافاینی تێدایە.
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)
