رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ ئاشکرای دەکات، گەورەترین هۆکاری ئەوەی کە ئێستا گەنجانی پێ تووشی بەرزەپەستانی خوێن دەبێت، ناڕێکیی شێوازی ژیانە بەتایبەت خواردنی خۆراکی ناتەندروست.
د. هێمن جەمال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ بە رووداوی راگەیاند، هەندێکجار بۆماوەیی هۆکارە بۆ تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن، بەڵام ناڕێکیی شێوازی ژیان زۆر باوە لەنێو گەنجاندا و هەر ئەوەش وایان لێدەکات، تووشی نەخۆشییەکە ببن.
د. هێمن باسی ئەو گرووپە مەترسیدارانە دەکات کە ''دەبێت سێ مانگ یاخود شەش مانگ جارێک پشکنینی پەستانی خوێنیان بکەن''. ئەمەش دەقی وەڵامەکانیەتی لەو بارەیەوە؛
رووداو: ئایا گەنج تووشی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێن دەبێت؟
د. هێمن جەمال: ئێستا بەرزەپەستانی خوێن لەنێو گەنجاندا زیاد بووە، رۆژێک گەنجێکی 35 ساڵ وەکو هاوەڵی نەخۆش لەگەڵ نەخۆشێک دەچێتە فریاکەوتنەکان، بە رێکەوت لەگەڵ چارەسەری ئەو نەخۆشەی لەگەڵیدا بووە، ئەمیش پێوانەیەکی پەستانی خوێن دەگرێت و دەردەکەوێت، پەستانی خوێنی 170 بە 100ـە واتە 17 لەسەر 10، تەنانەت چەندجارێکیش بۆی دووبارە دەکەنەوە، بەهەمان شێوە بەرز دەبێت. ئیدی بۆ بەدواداچوون هاتە لای ئێمە دوو پرسیاری لێکردین، ''خۆ من گەنجم، بۆ تووشی زەخت بووم؟ خۆ من نیشانەم نییە، ئەی بۆ زەختم بەرزە؟''.
رووداو: باوترین نیشانەکانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن چین؟
د. هێمن جەمال: بە گشتی بەرزەپەستانی خوێن هیچ نیشانەیەکی نییە، بەڵام ئەو حاڵەتانەی کە بە کتوپڕی پەستانی خوێن بەرز دەبێتەوە یان ئەوانەی گرێ و کێشەی سەر رژێنی پەریزادەیان هەیە، نیشانەیان دەبێت. لەبەر ئەوەیە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێن، پشت بە پێوانەکردن دەبەستین نەک نیشانە.
رووداو: بەپێی تەمەنەکان، ساڵانە چەندجار پشکنینی پەستانی خوێن بکرێت بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستی و زووپێزانینی نەخۆشییەکە.
د. هێمن جەمال: ئەگەر کەسێک تەندروست بێت و هیچ مەترسییەکی بۆ تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن نەبێت، باشترە دوای تەمەنی 18 ساڵی سێ ساڵ جارێک پشکنین بکات، لەدوای 40 ساڵییەوە، پێویستە ساڵانە پشکنین بکات، بەڵام ئەمانەی خوارەوە باشترە سێ مانگ یاخود شەش مانگ جارێک پشکنینی پەستانی خوێنیان بکەن؛
- کێشزیاد و قەڵەو.
- ئەوانەی ورگیان هەیە.
- ئەوانەی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ دەکێشن.
- ئەوانەی جووڵەیان کەمە و خۆراکی ناتەندروست دەخۆن.
- ئەوانەی کحول دەخۆنەوە.
- ئەوانەی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێن لە ماڵباتەکەیان هەیە.
- تووشبووانی پەککەوتەبوون و لاوازیی گورچیلەکان.
- تووشبووانی شەکرە.



.png&w=3840&q=75)