رووداو - تەندروستی
ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە ئاشکرای دەکات، دانانی مۆبایل لەژێر سەرین یاخود نزیک سەر لەکاتی نووستندا، رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەماریش رایدەگەیێنێت، نەک تەنیا دانانی مۆبایل بەڵکو بەکارهێنانیشی کاریگەریی نەرێنی لەسەر مێشک دروستدەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 31-8-2026 د. یاسر زێباری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە بووڵتەنی تەندروستیدا کە نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات، گوتی: زۆربەکارهێنانی مۆبایل وادەکات ئەو تیشکەی لێیەوە دەردەچێت زیان بە خانەکانی مێشک بگەیێنێت و هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە مێشک دەریدەدات، کەم بکاتەوە بەمەش خەوی کەسەکە تێکدەچێت.
د. یاسر زێبار دەڵێت: رووناکیی مۆبایل لە چاوەوە دەگوازرێتەوە بۆ مێشک و مێشکیش وا دەزانێت رووناکیی خۆرە، بەمەش کەمتر هۆڕمۆنی میلاتۆنین (هۆڕمۆنی خەو) دەردەدات و خەو ناڕێک دەبێت.
ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، زۆربەکارهێنانی مۆبایل نیشانەکانی لاسەرئێشە زیاد دەکات، چونکە خەو تێکدەدات و مل دەچەمێتەوە لەکاتی بەکارهێنان کە ئەمانە سەرئێشە زیاد دەکەن.
بە پێی مایۆکلینیک کاژێرەکانی خەوتن کە مرۆڤ پێویستیەتی، بە گشتی بە تەمەنەوە بەندە، بە شێوەیەک:
لە تەمەنی 0-3 مانگ، 14-17 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 4-11 مانگ، 12-15 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 1-2 ساڵ، نزیکەی 11-14 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 3-5 ساڵ، 10-13 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 6-13 ساڵ، 9-11 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 14-17 ساڵ، نزیکەی 8-10 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
زۆربەی کەسانی پێگەیشتوو پێویستیان بە 7 بۆ 9 کاژێر خەوتن هەیە.
تەمەنی 65 ساڵ و سەرووتر پێویستی بە 7-8 کاژێر خەوتن هەیە لە رۆژێکدا.
خانمانی دووگیان پێویستیان بە کاژێری زیاتری خەوتن هەیە بە بەراورد بە ئاستی ئاسایی.

.png&w=3840&q=75)
