رووداو - تەندروستی
سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێویستە لەمەودوا لە هەموو شوێنێک کاری دەرمانساز و دەرمانخانەکان جیا بکرێتەوە لە کارمەندانی تەندروستی و نۆرینگەکانی یاریدەدەری پزیشکی.
ئەمڕۆ دووشەممە 31-8-2026 د. باریف زاهیر، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، دەرمان پێویستە تەنیا لە دەرمانخانەکاندا وەربگیرێت و ئەو نۆرینگە یاریدەدەرە پزیشکییانەی دەرمان لە سنووری ئاسایی خۆیان دەفرۆشن، دەبێت دابخرێن.
د. باریف زاهیر دەڵێت: هاونیشتمانییان قازانج دەکەن لەوەی کە دەرمان تەنیا لەلای کەسانی دەرمانسازدا بدرێت و بفرۆشترێت، چونکە جیاوازیی زۆر لەنێوان دەرمانساز و کارمەندی تەندروستی هەیە.
ئەرکان محەممەد، کارگێڕی لقی گەرمیانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە رووداوی گوت: لە ساڵی 1992ـەوە کارمەندی تەندروستی لە گەرمیان کاری خۆی دەکات و بێ گرفت بووە، بەڵام ئێستا دەرمانساز زیاد بووە، بۆیە داوا دەکەن ئەوان ئیشەکە بکەن.
ئازاد حەمەفەرەج، گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان، بە رووداوی گوت، "نۆرینگەی کارمەندی تەندروستی و دەرمانخانەمان هەیە، بەڵام لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زۆربەیان بەناوی دەرمانخانەوە نووسراون، بۆیە ئەوانەی نۆرینگەیان نووسیووە دەبێت بنووسن نۆرینگە نەک دەرمانخانە، چونکە دەرمانخانە لە نۆرینگە جیاوازە''.

.png&w=3840&q=75)
