رووداو - تەندروستی
بڕیارێک بۆ جیاکردنەوەی کارەکانی دەرمانسازان و کارمەندانی تەندروستی لە ئیدارەی گەرمیان، کاردانەوەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی لێدەکەوێتەوە و گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیانیش دەڵێت، بڕیارەکە بۆ جیاکردنەوەی ئیشەکانە.
ئەرکان محەممەد، کارگێڕی لق لە سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە گەرمیان، بە رووداوی راگەیاند، "جارێ یەکلایی نەبووەتەوە، لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی گشتیی گەرمیان لە ئامادەکاریداین و لە کۆبوونەوەکەدا داوا دەکەین بەو شێوازە نەبێت."
ئەرکان محەممەد، دەڵێت، "لە ساڵی 1992ـەوە کارمەندی تەندروستی لە گەرمیان کاری خۆی دەکات و بێ گرفت بووە، بەڵام ئێستا دەرمانساز زیاد بووە، بۆیە داوا دەکەن ئەوان ئیشەکە بکەن، بەڵام ئێمە دەڵێین کارمەندی تەندروستی نەخۆشخانەکان بەڕێوەدەبەن و توانایان هەیە.
کارگێڕی لق لە سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە گەرمیان گوتی، "لیژنەیەکی باڵا دروست دەکرێت و دوو ئەندامی ئێمەی تێیدا دەبێت."
لەلایەن خۆیەوە، ئازاد حەمەفەرەج، گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان، بە رووداوی گوت، "نۆرینگەی کارمەندی تەندروستی و دەرمانخانەمان هەیە، بەڵام لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زۆربەیان بەناوی دەرمانخانەوە نووسراون، بۆیە ئەوانەی نۆرینگەیان نووسیووە دەبێت بنووسن نۆرینگە نەک دەرمانخانە، چونکە دەرمانخانە لە نۆرینگە جیاوازە."
ئازاد حەمەفەرەج، جەختی لەوەش کردەوە، "سەندیکای کارمەندان خۆی ئەو بڕیارەی دەرکردووە بۆ ئەوەی نۆرینگە و دەرمانخانەکان جیابکرێنەوە، ئەمەش بۆ جیاکردنەوەی ئیشەکانە و بۆ ئەوەی کارمەندی تەندروستی و دەرمانسازەکان ئیشی خۆیان بکەن''.



.png&w=3840&q=75)