رووداو - تەندروستی
بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەیەکی حکومیی سلێمانی، نەشتەرگەریی گۆڕینی تەواوی جومگەی شان بۆ نەخۆشێک ئەنجامدرا.
د. عەبدوڵڵا کەمال، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان کە سەرپەرشتیی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، بە رووداوی راگەیاند، "نەشتەرگەریی گۆڕینی تەواوی جومگەی شانی راستمان بۆ نەخۆشێک ئەنجامدا کە ماوەیەکی زۆر بوو بەدەست ئازاری تووندی جومگەی شانییەوە دەیناڵاند".
ئەو پسپۆڕەی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان دەڵێت، ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە نوێیە و لەماوەی 5 بۆ 10 ساڵی رابردوودا پەرەی پێدراوە و پێشتر یەک بۆ دووجار لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی سلێمانی ئەنجامدراوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لە نەخۆشخانەیەکی حکومی لە پارێزگەی سلێمانی ئەنجام بدرێت.
بە گوتەی د. عەبدوڵڵا کەمال، تێچووی نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانە تایبەتەکان لەنێوان 5 بۆ 6 هەزار دۆلارە و ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییان بکات، لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی.
کەمیی پێداویستیی پزیشکی یەکێکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم پزیشکانی نەخۆشخانە حکومییەکان، وەک د. عەبدوڵڵا ئاماژەی پێکرد و گوتی، "لە مانگێکدا دوو جار زیاتر ناتوانین نەشتەرگەری ئەنجام بدەین. ئامانجمانە هاوکاریی زیاتری نەخۆشەکان بکەین، پێداویستیی پزیشکیمان هەیە، بەڵام کەمە."



.png&w=3840&q=75)