رووداو - تەندروستی
لە دەرمانخانەکانی بەریتانیا و شەقامە گشتییەکاندا پشکنینی خێرای 7 خولەکی دەستپێدەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی چەوریی کۆلیستڕۆڵ، ئەمەش قۆناخێکی رووبەڕووبوونەوەی بەرزەچەوریی خوێن و تووشبوون بە جەڵتەیە.
بۆ یەکەمجار لە جیهاندا ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا رادەگەیێنێت، هاووڵاتییان دەتوانن بە بێ بەرامبەر و تەنیا لەماوەی 7 خولەکدا لە دەرمانخانەکان پشکنینی خوێن بۆ زانینی ئاستی مەترسیداری کۆلیستڕۆڵ بکەن، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ ئاشکراکردنی نەخۆشییەکانی دڵ پێش ئەوەی ببنە هۆی کارەسات.
ناوەندەکە دەریخستووە، ئامانج لە پلانە نوێیەکە کەمکردنەوەی مردنە بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە کە دەیانەوێت بەڕێژەی 25٪ گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو نەخۆشییانەوە کەم بکەنەوە.
ناوەندەکە رێنوێنیی خەڵک دەکات کە ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵییەوەیە، پێویستە بە شێوەیەکی خولیی پشکنینی کۆلیستڕۆڵ و پەستانی خوێن بکەن، تەنانەت ئەگەر بە روواڵەت تەندروستیش بن، هەروەها رێنوێنی دەکرێن بە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکیی تەندروست، ئەنجامدانی وەرزشی رۆژانە وەک رۆیشتن بۆ ماوەی 30 خولەک، لەگەڵ وازهێنان لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ و دەمارەکان.
لە یەکەم هەنگاوی ئەم پڕۆژەیەدا 100 دەرمانخانەی ئینگلاند تەرخاندەکرێن کە ئەم جۆرە پشکنینەیان تێدابێت و هەر لەوێش ئەگەر پێویست بێت، دەرمانسازەکە دەرمانی گونجاوی دابەزاندنی چەورییەکان بۆ کەسەکە دەنووسێت.

.png&w=3840&q=75)

