رووداو - تەندروستی
پزیشکانی زانکۆی هارڤارد دەڵێن، ماست سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەکتریای سوودبەخشە و بڕێکی باش کالسیۆم و پڕۆتینی تێدایە، بەکتریای سوودبەخش لە ریخۆڵەدا کرداری هەرس باشتر دەکات، رێگری لەو زیندەوەرە زیانبەخشانە دەکات کە دەبنە هۆی نەخۆشی، هەروەها سیستمی بەرگریی جەستە بەهێز دەکات، یارمەتیی جەستە دەدات مادە خۆراکییە گرنگەکان لە خۆراکەوە هەڵبمژێت.
بەڵام پزیشکان جگە لە ماست رێنوێنیی خەڵک دەکەن کە سەرچاوەی دیکەش بخۆن بەتایبەت ئەوانەی کە حەزیان لە ماست نییە.
- کیمچی: خۆراکێکی کۆرییە و لە کەلەرم دروستدەکرێت، دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی A، C و B.
- کۆمبوچا: چایەکی رەش یان سەوزە سەرچاوەیەکی باشی بەکتریای سوودبەخشە.
- کەفیر: خواردنەوەیەکی شیریی هەوێنکراوە، لە شیری مانگا، مەڕ یان بزن دروستدەکرێت و بڕێکی زۆرتر لە ماست بەکتریای سوودبەخشی تێدایە.
- ترشیات: کەلەرمی ترش یان خەیارشۆری دروستکراو بە ئاو و خوێی سرووشتی، سەرچاوەیەکی بەهێزی بەکتریای سوودبەخشن.
- پەنیرە کۆنەکان: هەندێک جۆری پەنیر وەک چیداری کۆن، پارمێزان و گۆدا بەکتریای سوودبەخشیان تێدایە.

.png&w=3840&q=75)

