رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، پێویستە خانمان نزیکەی دوو هەفتە بۆ دوو مانگ پێش بۆنەکان، کاری جوانکاری بکەن، هۆکارەکەش باس دەکات.
د. شۆخان حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، چارەخوازێکی زۆر دێنە لایان کە دەرمانیان بە هەڵە بۆ پێست بەکارهێناوە و لە ئەنجامدا پەڵە، زیپکە، سووربوونەوە و ئازاری پێستیان بۆ دروستبووە، هەندێکیشیان بە جۆرێک پێستیان تێکچووە کە چاکبوونەوەیان درێژخایەن و ئەستەمە.
ئەو پسپۆڕەی پێست چەند شوێنێک بە قەدەخەکراو دادەنێت بۆ کڕینی دەرمان و مادەی جوانکاری. دەقی وەڵامەکانی د. شۆخان حەسەن لەبارەی هەڵەیەکی مەترسیداری نێو خانمان بخوێنەرەوە؛
رووداو: چیرۆکی ئەو خانمە چییە کە پێش ئاهەنگی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی، پێستی رووخساری بە دەرمان تێکچوو؟
د. شۆخان حەسەن: کچێکی 27 ساڵ هاتە کلینیک کە کرێمی هەڵەی بەکارهێنابوو گوایە ''پێست سپی دەکاتەوە''، بەڵام پێستی رووخساری تێكچوو و دوو مانگ پێش ئاهەنگەکەی ویستبووی پێستی سپی ببێتەوە، ئیدی بەهۆیەوە پێستی سوور ببووەوە و زیپکە و پەڵەی بۆ دروستبووبوو، لەگەڵیشیان ئازار و کزانەوەی هەبوو. مانگێک زیاتری خایاند کە دەرمانمان بۆ بەکارهێنا، ئینجا پێستەکەی کەمێک ئاسایی بووەوە.
رووداو: هیچ کرێمێک هەیە بە خێرایی پێست سپی بکاتەوە یاخود پەڵە نەهێڵێت، بەتایبەت کە لە رێکلامەکاندا ئەوەمان بەرچاو دەکەوێت؟
د. شۆخان حەسەن: هیچ کرێمێک نییە بە خێرایی پێست سپی بکاتەوە و پەڵە نەهێڵێت، تەنانەت ئەو رێکلامانەشی دەکرێن بۆ ئەو مەبەستە بە هیچ شێوەیەک راست نین بەتایبەت لەلایەن پەیجە ئۆنڵاینەکانەوە.
رووداو: پێشنیاز دەکەیت، چەند رۆژ پێش بۆنەکان جوانکاری یاخود کرێم بەکاربێت بۆ لابردنی پەڵە، تاوەکو کاریگەرییە لاوەکییەکانی لە رۆژی بۆنەکە نەمێنن؟
د. شۆخان حەسەن: پێویستە خانمان نزیکەی دوو هەفتە بۆ دوو مانگ پێش بۆنەکان، کاری جوانکاری بکەن، تاوەکو لە رۆژی بۆنەکەدا کاریگەریی لاوەکیی جوانکارییەکەیان لەسەر نەمێنێت یاخود ئەگەر تووشی هەڵەیەکیش بوون، تا کاتی بۆنەکەیان زوو چارەسەر بکرێن.
رووداو: ئەو شوێنە قەدەخەکراوانە چین کە پێت وایە نابێت هیچ بەرهەمێکی جوانکاری و دەرمانی پێستیان تێدا بفرۆشرێت و خەڵک تێیاندا بکڕێت؟
د. شۆخان حەسەن: پەیجە ئۆنڵاینەکانی سۆشیاڵ میدیاکان یاخود شوێنەکانی فرۆشتنی بابەتی جوانکاری (کۆزمەتیک) ئەو شوێنانەن کە نابێت دەرمان، مەڵهەم و مادەی جوانکارییان تێدا بکڕدرێت، بەڵکو پێویستە لەژێر راوێژی پزیشكی پسپۆڕدا بدرێن و لە دەرمانخانەکاندا بەدەستبهێندرێن.
رووداو: پێنج خووی هەڵە باس بکە کە پەڵەی پێست دروستدەکەن و خانمان دەیانکەن؟
د. شۆخان حەسەن: ئەمانەی خوارەوە 5 هەڵەن کە دەکرێت ببنە هۆی دروستبوونی پەڵەی پێست
- بەکارنەهێنانی دژەخۆر؛ دوو کاژێر جارێک تازە بکرێتەوە و نەک تەنیا لەکاتی چوونەدەرەوە بەڵکو لە ژوورەوەش لێبدرێت.
- بەکارهێنانی ئەو کرێم و فاوندەیشنانەی کە بۆ پێستی خانمان گونجاو نییە، چونکە هەر یەکێکیان بۆ جۆرە پێستێک دەبێت.
- پاکڕانەگرتنی پێست پێش خەوتن بەتایبەت نەشووشتنی ماکیاژ.
- بەکارهێنانی هەندێك دەرمانی هۆڕمۆنی بۆ رێککردنەوەی سووڕی مانگانە و بۆ رێگری لە دووگیانبوون بەبێ راوێژی پزیشكی پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون.
- بەکارهێنانی هەر کرێم و مەڵهەمێک بۆ مەبەستی جوانکاری بە بێ راوێژی پزیشک و کەسانی شارەزا.



