رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا دەریدەخات، بەکارهێنانی ئۆمێگا 3 و بڕێکی کەم لە ئەسپرین دەکرێت وەک جێگرەوەی دەرمانە دژەزیندەییەکان کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی پووک.
توێژینەوەکە لەسەر ئەو کەسانە کرا کە هەوکردنی پووکیان هەبوو و بۆ 4 کۆمەڵە دابەشکران و ماوەی ساڵێک چاودێریکران، کۆمەڵەی یەکەم دەرمانی دژەزیندەییان وەرگرت، کۆمەڵەی دووەم ئۆمێگا 3 و بڕێکی کەم ئەسپرینیان وەرگرت، کۆمەڵەی سێیەم ئۆمێگا 3 و ئەسپرین و و دەرمانی دژە زیندەییان وەرگرت،کۆتا کۆمەڵەش هیچیان وەرنەگرت.
لە ئەنجامدا دەرکەوت؛ نزیکەی 58٪ـی ئەو نەخۆشانەی بە دەرمانی دژەزیندەیی چارەسەر کرابوون، هەوکردنەکەیان باشتربوو، ئەو کۆمەڵەی ئۆمێگا 3 و ئەسپرینیان بەکارهێنا ئەنجامێکی نزیک لەوەیان بەدەستهێنا و 57.7٪ـی بەشداربووان گەیشتنە هەمان ئامانج.
د.نیدیا کریستینا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: لەوانەیە ئەنجامەکان لە داهاتوودا یارمەتیدەر بن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دەرمانی دژەزیندەیی لە هەندێک نەخۆشدا، کە ئەمەش گرنگە، چونکە بەرگریی بەکتریایی بەرامبەر دەرمانەکان بووەتە کێشەیەکی تەندروستی لەسەر ئاستی جیهان.
بە گوتەی د.نیدیا کریستینا، ئۆمێگا 3 بە شێوەیەکی جیاواز لە دەرمانە دژەهەوکردنە باوەکان کار دەکات، لەبری ئەوەی تەنیا رێڕەوەکانی هەوکردن رابگرێت، ئۆمێگا-3 دەتوانێت بەشدار بێت لە بەرهەمهێنانی ئەو مادانەی کە یارمەتیی جەستە دەدەن بە شێوەیەکی سرووشتی کۆتایی بە هەوکردن بهێنێت و چاکبوونەوەی شانەکان خێراتر بکەن، بڕە کەمەکەی ئەسپرین لەبەر ئەوە زیادکرا، چونکە دەتوانێت بەرهەمهێنانی ئەم مادە چارەسەرکەرانەی هەوکردن زیاد بکات.



