رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا (FDA) بە فەرمی رەزامەندیی بە یەکەم ئامێری تەکنەلۆژیی نوێ بەخشی کاتێک لەسەر جەستە دەبەسترێت، کە دەتوانێت بەشێوەیەکی بەردەوام و لە هەمان کاتدا چاودێریی ئاستی شەکر و بڕی کیتۆن لە خوێنی نەخۆشدا بکات.
بەپێی راگەیێنراوی فەرمیی FDA، ئەم ئامێرە بەکاردێت بۆ ئەوانەی تووشی شەکرەی جۆری یەکەم بوون، بەتایبەتی بۆ رێگری لە کێشەی تەندروستیی مەترسیداری ترشبوونی خوێنی کیتۆنی، کە تێیدا ئاستی کیتۆن لە خوێندا بەشێوەیەکی زۆر بەرز دەبێتەوە و خێرا نەخۆشەکە دەخاتە مەترسیی گیان لەدەستدانەوە.
د. میشێل تارڤەر دەڵێت: ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە رێگە بە نەخۆش و پزیشکەکان دەدات کە پێشوەختە و پێش دەرکەوتنی نیشانە بەهێزەکان، ئاگاداری بەرزبوونەوەی مەترسیداری کیتۆن بن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی سەردانیکردنی فریاکەوتن و نەخۆشخانەکان.
پزیشکان جەخت دەکەنەوە، چاودێریی شەکر و کیتۆن لە یەک ئامێردا، هاوکاریی نەخۆشانی شەکرە دەکات تاوەکو بە شێوەیەکی ئاسانتر لە ژیانی رۆژانەیاندا تەندروستیی خۆیان بپارێزن.



