رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکا (NIH) ئاشکرای دەکات، سەیرکردنی بەردەوامی شاشەی مۆبایل، کۆمپیوتەر و تەلەڤیزیۆن رێژەی ترووکاندنی چاو بە شێوەیەکی بەرفراوان کەم دەکاتەوە، کە ئەمەش هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی نیشانەکانی وشکبوونی چاو و لاوازبوونی بیناییە لە هەموو تەمەنەکاندا.
بەپێی توێژینەوەکەی NIH، مرۆڤ لە باری ئاساییدا لە خولەکێکدا نزیکەی 15 بۆ 20 جار چاوی دەتروکێنێت، بەڵام لەکاتی کارکردن یان سەیرکردنی شاشە دیجیتاڵییەکاندا، ئەم رێژەیە بۆ 5 بۆ 7 جار لە خولەکێکدا دادەبەزێت.
د. مایکل شتاینمێتز روونی دەکاتەوە: ترووکاندنی چاو پڕۆسەیەکی سرووشتییە بۆ رشتنی فرمێسک و شێدارکردنەوەی چاو، کاتێک بەردەوام تێڕوانین لە شاشە دەکەیت، چاوەکانت تێر ئاو ناکرێن و پڕۆسەی هەوکردنی رووی چاو دەستپێدەکات و کار لە کواڵیتیی بینین دەکات.
پزیشکانی NIH بۆ رێگری لەم کێشەیە، ئامۆژگاریی بەکارهێنانی یاسای زانستیی 20-20-20 دەکەن: پاش هەر 20 خولەک تەماشاکردنی شاشە، بۆ ماوەی 20 چرکە سەیری شتێک بکە کە لانی کەم 20 پێ (نزیکەی 6 مەتر) لێتەوە دوور بێت، تاوەکو ماسوولکەکانی چاو پشوو بدەن.



