رووداو – تەندروستی
دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا لە توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەدات لەوەی بەکارهێنانی حەبی خەوی میلاتۆنین بۆ ماوەیەکی، پەیوەندییەکی تووند و مەترسیداری هەیە لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری سستبوونی دڵدا.
میلاتۆنین، وەکو دەرمانێکی بێزیان و سرووشتی بۆ چارەسەری کێشەکانی خەو دەناسرا و بە ئاسانی لە دەرمانخانەکان دەستدەکەوێت، لە توێژینەوەیەکی نوێدا بە جۆرێک دەرکەوتووە بەکارهێنانی درێژخایەنی دەکرێت مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستیی دڵ دروستبکات.
د. ئێکەنێدیلیچوکو نادی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە زانکۆی سەنی داونستەیت لە شاری نیویۆرک، سەرپەرشتیی توێژینەوەیەکی کرد لەسەر 131,000 کەسی تووشبووی کەمخەوی یاخود ئەوانە بوون کە خەوزڕانیان هەبووە، بەپێی ئەنجامەکان، بەکارهێنانی درێژخایەنی میلاتۆنین مەترسیی تووشبوون بە سستیی دڵ بە رێژەی نزیکەی 90٪ زیاد دەکات.
پسپۆڕەکە دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی میلاتۆنین هۆڕمۆنێکی سرووشتییە و جەستە خۆی دروستیدەکات بۆ رێکخستنی کاتی خەو، بەڵام پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە بەکارهێنانی وەک دەرمان یان تەواوکەری خۆراکی بۆ ماوەیەکی درێژ، پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر هەیە.



