رووداو - تەندروستی
جۆرێکی چالاکیی ڤیتامین B12 لە گژوگیای دەریایی سپایڕۆلینا بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیندەیی بۆ پڕکردنەوەی کەمیی ئەم ڤیتامینە.
توێژەرانی زانکۆی رایخمان لە ئیسرائیل لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی وردی تیشکەوە، بۆ یەکەمجار توانیان گەشە بە سپایڕۆلینا بدەن بەجۆرێک بڕێکی پێوانەیی لە ڤیتامین B12ی بایۆلۆژیی چالاک بەرهەم بهێنێت.
د. ئاساف تزاچۆر، پسپۆڕی خۆراک دەریخستووە، ئەم جۆرە نوێیە لە هەر 100 گرامێکدا بڕی 1.64 مایکروگرام ڤیتامین B12ی چالاک لەخۆدەگرێت، ئەمەش رێژەکەی هاوتا یان تەنانەت لە سەروو رێژەی نێو گۆشتی مانگادایە ( دەکاتە 0.7 بۆ 1.5 مایکروگرام لە هەر 100 گرامێکدا).
سپایڕۆلینا جۆرێکە لە قەوزەی شینە سەوزباوەکان کە لە ئاوی سازگار و سوێردا گەشە دەکات. خەڵکی وەک تەواوکەرێکی خۆراکی بەکاریدەهێنن، چونکە دەوڵەمەندە بە پڕۆتین، ڤیتامین و دژەئۆکسێنەکان. زۆرجار وەک تۆزێکی سەوزی تۆخ یان بە شێوەی حەب دەفرۆشرێت.



