رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA)، رەزامەندیی لەسەر دەرمانێکی نوێی کۆمپانیای رۆیڤانت داوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکی دەگمەنی پێست و ماسوولکە.
دەرمانەکە ناوی LISRAYAـە و یەکەم دەرمانە بەتایبەتی بۆ چارەسەری نەخۆشیی دێرماتۆمیۆسایتس دروستکراوە، نەخۆشییەکی دەگمەنی بەرگیی دژەخۆییە و تێیدا پێست و ماسوولکەکان پێکەوە تووشی تێکچوون دەبن، ئەمەش لە ئەنجامی هێرشی خانەکانی بەرگری بۆ سەریان.
پڕۆفیسۆر د. تەحسین موزەففەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە زانکۆی کالیفۆرنیا رایگەیاند، دەرمانەکە لەسەر 241 نەخۆش تاقیکراوەتەوە و دەرکەوتووە، هێزی ماسوولکەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە، پێستیان باشتر بووە و پێویستییان بە بەکارهێنانی دەرمانی ستیرۆید نەماوە.
ناوەندی پزیشکیی کلیڤلاند رایدەگەیێنێت، لەم نەخۆشییەدا سیستمی بەرگریی جەستە هێرش دەکاتە سەر خانەکانی ماسوولکە و پێست، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسوولکەکان، نەخۆش بە سەختی دەتوانێت هەستێتەوە، قسە بکات، یان خۆراک قووت بدات. هەروەها پەڵەی سوور و خوران لەسەر پێستی دروستدەبێت.
بەپێی پسپۆڕان، ئەگەر هەست بە لاوازبوونی کتوپڕی ماسوولکەکانت دەکەیت لەگەڵ دەرکەوتنی پەڵە و خوران لەسەر پێست، بەتایبەتی لە دەموچاو و دەستەکان، باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت.
.



