رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری پەروەردەی تایبەت لە وەزارەتی پەروەردە رایدەگەیێنێت، چەند ساڵێکە بایەخ بەو منداڵانە دەدەین کە لە کەرتی تایبەتدا دۆخیان جیاوازە و ئێستا نۆ منداڵ هەیە بەو شێوەیەن و لە کەرتی پەروەردەدا وانە دەخوێنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-8-2026 سازان قادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی تایبەت لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لەو نۆ حاڵەتەکەی کە ئاستیان سادە و مامناوەندە یەک منداڵیان دۆخی ADHD هەیە.
سازان قادر دەڵێت: 536 مامۆستای گرێبەست دامەزراون کە پسپۆڕی بەشی پەروەردەی تایبەتن و دابەشی سەرجەم پارێزگاکان کران. کە لەوێوە رێنوێنی دەدرێتە قوتابخانەکان بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی دۆخی تایبەتیان هەیە، مامەڵەی دروستیان لەگەڵدا بکەن.
هەروەها ئەوەش روون دەکاتەوە، لیژنە پێکهێنراوە بۆ وەرگرتنی منداڵان و قوتابییانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ناوەندەکانی خوێندن، ئەمەش بە تێکەڵکردنیانە لەگەڵ قوتابییانی دیکە لەژێر سەرپەرشتیی مامۆستایانی پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت.
پاشانیش ئەوەی باس کرد کە راهێنان بۆ مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت دەکەنەوە تاوەکو بایەخی زیاتر بەو بابەتە بدرێت و کۆنتڕۆڵی ئەو منداڵانە بکرێت کە دۆخی تایبەتیان هەیە بەتایبەت ADHD و هاوشێوەکانی.


