رووداو - تەندروستی
کۆڤان نەوزاد، کەساییەتییەکی دیاری سۆشیاڵمیدیایە و دوێنێ شەو کە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵ تەندروستی تیکچووە و گیانی لەدەستداوە.
رێڤان نەوزاد برای کۆچکردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند. "دوێنێ شەو لەنیوان کاژێر 9:00 بۆ 10:00 کاتێک گەڕاوەتەوە ماڵەوە، دوای چەند خولەکێک دەکەوێت و راستەوخۆ گیان لەدەستدەدات".
رێڤان نەوزاد ئاماژە بەوەدەکات، کۆڤانی برای لە منداڵییەوە نەخۆشیی دڵی هەبووە و هەر بەوهۆییەوە کۆچی دواییکردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە کۆڤان نەوزاد چەند کاژێرێک بەر لە مردنی سەردانی نۆرینگەیەکی کردووە و ژیناو " موخەزی" بۆ دانراوە، دواتریش نەبردراوەتە پزیشکی دادی هەولێر.
دەکرێت کۆڤان بەو هۆکارانە مردبێت
1. تێکچوونی کتوپڕی کارەبایی دڵ: ئەمە یەکێک لە باوترین هۆکارەکانە. لێدانەکانی دڵ زۆر بەخێرایی و ناڕێکی لێدەدەن، بەجۆرێک کە ناتوانێت بە کارایی خوێن بە لەشدا بڵاوبکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی وەستانی لەناکاوی دڵ.
2. جەڵتەی دڵ: دروستبوونی کڵۆی خوێن و گیرانی یەکێک لە خوێنبەرە سەرەکییەکانی دڵ، کە دەبێتە هۆی پچڕانی گەیشتنی ئۆکسجین و خۆراک بۆ ماسولکەی دڵ. ئەگەر زیانەکە گەورە بێت، دەتوانێت ببێتە هۆی وەستانی دڵ.
3. پچڕانی خوێنبەری سەرەکی: لە هەندێک حاڵەتدا، شاخوێنبەر کە گەورەترین خوێنبەری لەشە، تووشی پچڕان یان دڕان دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خوێنبەربوونێکی ناوخۆیی خێرا و مردنی لەناکاو.
4. سستبوونی تووندی دڵ: کاتێک دڵ توانای پاڵنانی خوێنی بەپێی پێویست نامێنێت، لەوانەیە بە شێوەیەکی کتوپڕ کارایی لەدەستبدات، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە سییەکاندا و وەستانی سووڕی خوێن.
بۆچی گەنجان تووشی جەڵتەی دڵ دەبن؟
* کێشانی جگەرە و نێرگەلە
* گوشاری دەروونی
* ناڕێکیی خەو
* خۆراکی ناتەندروست
* نەخۆشییە درێژخایێنەکان
* قەڵەوی
* بۆماوە
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ



