رووداو - تەندروستی
تاقیکردنەوەیەک دەریخستووە رۆژووی پچڕ پچڕ یارمەتیی تووشبووانی نەخۆشیی شەکرەی جۆری 1 دەدات بۆ دابەزاندنی شەکری خوێن بەبێ زیادکردنی کاریگەرییە لاوەکییەکان.
بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرەی جۆری 1، سنووردارکردنی خواردن بۆ ماوەی هەشت کاژێری دیاریکراو لە رۆژێکدا، رەنگە رێگەیەک بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئیلینۆی لە شیکاگۆ بە سەرپەرشتیی پسپۆڕی خۆراک د. کریستا ڤارادی کرا و دەرکەوت؛ رۆژووی پچڕ پچڕ لەوانەیە کاریگەر بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن و ئەو سەرپەرشتیارە دەڵێت: ئەمە یەکەم هەنگاوە بۆ ئەوەی نیشانبدرێت رۆژووی پچڕ پچڕ رێگەیەکی سەلامەت و کاریگەرە بۆ ئەوەی تووشبووانی شەکرەی جۆری 1 بتوانن ئاستی شەکری خوێنیان کۆنتڕۆڵ بکەن.
ئەو گوتی "بێگومان، ئەمە تەنیا هەنگاوی یەکەمە، هەر کەسێک گۆڕانکاری لە خووەکانی خواردنیدا بکات، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، دەبێت لەلایەن پزیشکێکی پسپۆڕ چاودێریی بکرێت، بۆ ئەوەی رێژیمێکی گونجاو وەربگرێت".



