رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی فلۆریدا دەریدەخات، خواردنی خۆراکە زۆردەستکاریکراوەکان مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات زیاد دەکات.
د. چارڵز هێنێکینز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند: "ئەم دەرەنجامانە بەڵگەی زیاتر دەخەنە سەر ئەو راستییەی کە خۆراکە زۆردەستکاریکراوەکان کاریگەریی تەندروستیی زۆر خراپیان هەیە، لە نێو ئەو کاریگەرییانەش زیادکردنی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات''.
توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە 17 هەزار پیاو ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، ئەو پیاوانەی زۆرترین بڕ لەم خۆراکانەیان خواردبوو، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پڕۆستات بە رێژەی 24% بۆ 31% زیاتر بوو بەراورد بەوانەی کەمترین بڕیان خواردبوو.
خۆراکە دەستکاریکراوەکان چین؟ لێرەوە بزانە
شێرپەنجەی پڕۆستات، باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو پیاواندا لە ئەمریکا و دووەم هۆکاری مردنە بە شێرپەنجە لەدوای شێرپەنجەی سییەکان.
توێژەران داوا دەکەن، پسپۆڕانی تەندروستی هانی نەخۆشەکانیان بدەن بۆ پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروست و کەمکردنەوەی خواردنی خۆراکە زۆردەستکاریکراوەکان.


