رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا پەسندکردنی چارەسەرێکی نوێی بۆ شێرپەنجەی پەنکریاس راگەیاند؛ ئەم هەنگاوە وەک دەسپێکی سەردەمێکی نوێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێک لە کوشندەترین جۆرەکانی شێرپەنجە دەبینرێت، کە هەمیشە چارەسەرکردنی کارێکی ئەستەم بووە.
ئەم دەرمانە نوێیە کە ناوی بازرگانییەکەی (راسۆنک)ـە، لەلایەن کۆمپانیای (رێڤۆلوشن مێدیسن)ـی ئەمریکییەوە پەرەی پێدرا و ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-8-2026 دکتۆر هەڵدێر محەممەد، پزیشکی دەرمانساز لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی: ئەمە بۆ ئەو جۆرە بەکاردێت کە شێرپەنجەکەیان لە قۆناخی سەرەتاییە و بۆ منداڵ بەکارنایەت.
دکتۆر هەڵدێر محەممەد دەڵێت: رۆژانە لەڕێگەی حەب (دەنکۆڵە)ـەوە دەدرێت بە نەخۆش، هەروەها توانایەکی باشی هەیە کە ماوەی مانەوەی تووشبووانی شێرپەنجەی پەنکریاس درێژ دەکاتەوە لە شەش مانگەوە بۆ 13 مانگ و نیو.
تەنانەت ئەوەشی گوت کە دەرمانەکە کاریگەریی لاوەکیی کەمترە لە دەرمانەکانی ئێستای شێرپەنجەی پەنکریاس.
چۆن دەگاتە هەرێمی کوردستان؟
بەگوتەی دکتۆر هەڵدێر محەممەد: گەیشتن و هاوردەکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان پشت بە کۆمپانیا و کارگەی بەرهەمهێن دەبەستێت کە بیەوێت بینێرێتە وڵاتانی دەرەوە، پاشانیش رێکارە یاساییەکانیش جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی بیگونجێنێت لەگەڵ وڵاتانی دیکە. تەنانەت ئەو پزیشکە باسی ئەوەش دەکات کە پێویستە پڕۆتۆکۆڵی چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە عێراق دەرمانەکە پەسند بکات بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر هاوردەکردنی هەبێت.


