رووداو - تەندروستی
چارەسەرکارێکی دەروونی لەبارەی زەبری دەروونیی منداڵییەوە دەڵێت: تووندوتیژی بەرامبەر دایک، منداڵەکەی لە داهاتوودا تووشی چەندین نەخۆشی دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-8-2026 لەنیا محەممەد، چارەسەرکاری دەروونی لە بووڵتەنی تەندروستیدا کە دکتۆر نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات، گوتی: ئەو منداڵانەی دایک و باوکیان جیابوونەتەوە، لە داهاتوودا مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاترە.
لەنیا محەممەد باسی ئەوەش دەکات، هەر رووداوێک بەسەر منداڵدا رووبدات و کاریگەریی لەسەر جەستە و دەروونی دروستبکات، ئەوا لە داهاتوودا دەکرێت ببێتە زەبرێکی دەروونی بەتایبەت تووندوتیژیی دایک و باوکان لەگەڵ یەکدیدا لە بەرامبەر منداڵەکەیاندا.
بەگوتەی ئەو چارەسەرکارە دەروونییە، ''مەرج نییە هەموو خەمۆکییەک هۆکارەکەی بۆ زەبری دەروونیی منداڵی بێت، چونکە هۆکارەکەی ئاڵۆزە و دەشێت بۆ هەر منداڵێک هۆکارێک هەبێت بۆ خەمۆکی یاخود دڵەڕاوکێکەی''.
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، زەبری دەروونی منداڵی شوێنەواری هەمیشەیی لەسەر مێشک جێدەهێڵێت، کە وادەکات کەسەکە تاوەکو دەیان ساڵ دواتر هەستیارتر بێت بەرامبەر بە رووداوەکان.
زانایان لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن زەبری دەروونی منداڵی شێوازی پێچەکانی DNA دەگۆڕێت، کە جینە پەیوەندیدارەکان بە گوشاری دەروونییەوە ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ساڵانێکی زۆر دواتر بە ئاسانی چالاک ببن.


