رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، مەبەستمانە ژیریی دەستکرد بهێنینە نێو چارەسەرییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا. بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆنفرانسێکدا تاوتوێی ئەوە دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-8-2026 د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، ئەو زەوییەی بۆ نەخۆشخانەی هیوای گەورە دابینکراوە، هیچ کێشەیەکی تێدا نییە. تەنانەت هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دانانی زەوییەکە بۆ شتی دیکە دەکەن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە جەختی لە ئەنجامدانی کۆنفڕانسێکی گشتی و زانستی کرد لەبارەی شێرپەنجە و گوتی، ''لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو گەورەترین کۆنفڕانسی شێرپەنجە لە سلێمانی لە نەخۆشخانەکە بکرێت و ئەوە لەژێر سەرپەرشتیی تەندروستیی سلێمانی دەبێت کە دەبێتە نوێبوونەوەیەک بۆ هەموو بەشەکانی شێرپەنجە''.
د. یاد نەقشبەندی لەبارەی چێشخانەی نەخۆشخانەکە گوتی: لەسەر بنەمایەکی زانستی خۆراک بۆ تووشبووان و هاوەڵەکانیان دابیندەکرێت و لە بری چێشتخانەیەک، دوو چێشتخانەمان هەیە.
قەیرانی دەرمان بەتایبەتیش دەرمانەکانی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەرۆکی هەرێم کوردستانی گرتووە و لە کۆتایی قسەکانیدا د. یاد نەقشبەندی دەڵێت: پێدانی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا بەراورد بە هەموو سەنتەرەکانی دیکەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە باشترین ئاستدایە، بەڵام هێشتا کەموکورتی هەیە.
ئەوەش روون دەکاتەوە، بەپێی بودجەی هەرێمی کوردستان دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا دابیندەکرێت، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری نەخۆشەکان هی پارێزگاکانی عێراقن، بە بێ ئەوەی هەژماری بوودجە بۆ ئەوان کرابێت و حکومەتی فیدڕاڵی تەنیا بەشی هەرێمی کوردستان دەرمان دابیندەکات.
باسی ئامارێکیش دەکات کە لە رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیەوە تاوەکو ئەمڕۆ لانیکەم 15 بۆ 20 تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار کراون کە هی خوارووی عێراقن.


