رووداو دیجیتاڵ
ئەو ڤاکسینەی کە بۆ جۆرێکی تایبەتی شێرپەنجەی پێست لەلایەن کۆمپانیاکانی مۆدێرنا و مێرک لە قۆناخی دروستکردندایە رەنگە ساڵی 2027 ئامادەبێت بەڵام بەو مەرجەی قۆناخی داهاتوو بە سەرکەوتوو ببڕێت و دەزگەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکیش رەزامەندیی کۆتایی لەسەر دەرببڕێت.
دوای ئەوەی کۆمپانیاکانی مۆدێرنا و مێرک رایانگەیاند کە ڤاکسینەکەیان بۆ جۆرێکی شێرپەنجەی پێست بە سەرکەوتوویی قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەی بڕیوە، هیواکان بۆ ئەم چارەسەرە نوێیە زیادیان کردووە، ڤاکسینەکە کە بە (mRNA-4157) ناسراوە و بەشێوەیەکی تایبەت بۆ هەر نەخۆشێک بەپێی گرێ شێرپەنجەییەکەی دروست دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی گرێیەکە بە نەشتەرگەری لادەبرێت و پشکنینی بۆماوەیی بۆ دەکرێت، ڤاکسینەکە لەگەڵ دەرمانی چارەسەریی بەرگریی (Keytruda) بەکاردەهێندرێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی شێرپەنجەکە.
ئامانجی ڤاکسینەکە ئەوەیە سیستمی بەرگریی جەستە رابهێنێت بۆ ئەوەی خانە شێرپەنجەییەکان بناسێتەوە و هێرشیان بکاتە سەر، دەرمانی Keytruda یارمەتیی سیستمی بەرگری دەدات بۆ ناسینەوە و لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان.
تاقیکردنەوەی قۆناخی سێیەم کە لەسەر هەزار و 100 کەس کراوە و دەریخستووە، ئەو نەخۆشانەی ڤاکسینی mRNA، لەگەڵ دەرمانی Keytruda بەکارهێناوە، مەترسیی سەرهەڵدانەوە یان بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی پێستی جۆری میلانۆمای بە نزیکەی نیوە کەمکردووەتەوە و دوای پێنج ساڵ، رێژەی مانەوەی نەخۆشەکانی بەبێ شێرپەنجە لە نزیکەی 69%دا هێشتووەتەوە.
ئەم ڤاکسینە بۆ ئەو کەسانە پەرەی پێدەدرێت کە تووشبووی شێرپەنجەی پێستی جۆری میلانۆمان کە لە قۆناخی مەترسیداری سەرەتاییدا (IIB) تاوەکو قۆناخی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەکە (IV) و گرێیەکانیان بە نەشتەرگەری بەتەواوی لابراون، لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەسەر بەکارهێنانی هەمان تەکنەلۆژیای (mRNA) بۆ چارەسەری جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە.
کۆمپانیاکانی مۆدێرنا و مێرک رایانگەیاند، ڤاکسینە تایبەتەکەیان بۆ شێرپەنجەی پێست، کە بە تەکنەلۆژیای (mRNA) دروستکراوە، ئامانجە سەرەکییەکانی لە تاقیکردنەوەی قۆناخی سێیەمدا بە سەرکەوتوویی بەدەستهێناوە، ئەمەش بە یەکێک لە پێشکەوتنە هەرە گەورەکانی چارەسەری شێرپەنجە لەڕێگەی (mRNA) دادەنرێت.


.png&w=3840&q=75)
