رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوودا 70 تووشبوون بە سورێژە تۆمارکراون و تیمەکانیان ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ کوتانی ئەو منداڵانەی لە ژەمەکان دواکەوتوون، تاوەکو ئێستا 200 منداڵ کوتراون.
رۆژی پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، سامان سەلمان، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای بڵاوبوونەوەی چەند تووشبوویەکی سورێژە (سۆریکە) لە سنووری هەولێر، بەڕێوەبەری تەندروستی لیژنەیەکی لە رێی بەشی کوتانەوە پێکهێناوە؛ نزیکەی دوو هەفتەیە تیمەکانمان لەناو ماڵان دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی گومانلێکراوەکان و رێگری لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە."
سامان سەلمان گوتی: "لەو ماوەیەدا تیمەکانمان 200 منداڵیان کوتیوە و 70 منداڵیش تووشی سورێژە بوون. سەرەتا نەخۆشییەکە لە دەشتی هەولێر بووە و ئێستا گەڕان لە هەموو پارێزگاکە بەردەوامە."
سەبارەت بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی سورێژە، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی هەولێر گوتی: "هۆکارەکەی دواکەوتن یان نەکوتانی منداڵە. پێویستە منداڵ لە کاتی لەدایکبوونەوە تاوەکو تەمەنی شەش ساڵی، بەپێی خشتەی پزیشکی بکوترێت."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لە نووسراوێکدا کە رۆژی 19-08-2026 دەرچووە، کۆمەڵێک رێنمایی بۆ رێگری لەو پەتایە بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە "کوتان باشترین چەکە بۆ رێگری لە سورێژە."
تەندروستیی هەولێر داوا لە دایکان و باوکان دەکات، ئەگەر منداڵەکەیان نیشانەی (تا و سووربوونەوەی پێست)ی هەبوو، وەک گومانلێکراو مامەڵەی لەگەڵ بکەن و ئەم رێکارانە بگرنەبەر:
- جیاکردنەوەی منداڵی تووشبوو لە ماڵەوە یان نەخۆشخانە بۆ ماوەی چوار رۆژ دوای دەرکەوتنی پەڵەکان.
- رێگری لە تێکەڵبوونی تووشبووان لەگەڵ کەسانی دیکە، بەتایبەت ئەو منداڵانەی نەکوتران یان بەرگرییان لاوازە.
- دابینکردنی خواردنی تەندروست، شلەمەنی زۆر و کارکردن لەسەر هەواگۆڕکێی باشی ژووری تووشبوو.
- جیاکردنەوەی کەلوپەلی خواردن و خاولی و فڵچەی ددانی تووشبوو لە ئەندامانی دیکەی خێزان.
تەندروستیی هەولێر داوا لە خێزانەکان دەکات هاوکاریی تیمەکانی کوتان بکەن و دڵنیابنەوە لە تەواوکردنی هەموو ژەمە کوتانەکانی منداڵەکانیان بۆ ئەوەی لە مەترسیی پەککەوتن و نەخۆشییەکە بەدوور بن.
سورێژە یان سۆریکە چییە؟
سورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە و زیاتر تووشی منداڵان دەبێت، بەتایبەت منداڵی تەمەن دوو بۆ پێنج ساڵ.
بە خێرایی تەشەنە دەکات. کۆکین، پژمین و بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسی تووشبوو رێگەی گواستنەوەی نەخۆشییەکەن.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە 'تا، کۆکە، بێهێزی، هەناسەتەنگی، سووربوونەوەی چاو و دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەسەر جەستە' هەروەها حەوت بۆ 10 رۆژ دوای بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە دەشێت نیشانەکان دەربکەون.
ئەوانەی کە تووشی سوورێژە دەبن، پێویستە پشوو بدەن، ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە و جیابکرێنەوە، هەروەها هەریەک لە دەرمانەکانی کەمکردنەوەی تا، دژەخوران و تەواوکەرە خۆراکییەکان لە ژێر راوێژی پزیشکدا بەکاربێنن.



.png&w=3840&q=75)
